بەڕێز مستر ئەندرێ کۆنت سپۆنڤیل
بە بایەخێکی گەورەوە کتێبەکەتم بە زمانی عەرەبی خوێندەوە: "ئایا سەرمایەداریی ئەخلاقیە؟"[1]. تێزەکانی نێو ئەو کتێبە زۆر جیاواز بوون لەو کتێبانەی تر کە دەربارەی ئابووری و ئەخلاقن.
بەڵام ئەوەی من دەمەوێت سەرنجی تۆی بۆ ڕابکێشم تێڕوانینی مارکسە لەسەر ئەخلاق و کۆمۆنیزم[2]. مارکس بەڕوونی دەڵێت:
" کۆمۆنیستەکان هەرگیز وەعزی ئەخلاقی ناکەن، وەک شتێرنر[3] بەو شێوە فراوانە خەریکە، ئەوان ئەو داوا ئەخلاقیە لە خەڵکی ناکەن: یەکتریتان خۆش بوێت، ئێگۆیست مەبن .. ".
The German Ideology
ئەوەی سەرەوەیش ناکۆکیە ئاشکراکەی نێوان مارکس و لینینە لەسەر ئەخلاق.
لە لایەکی تریشەوە، بەپێی تێگەیشتنی من: مارکس لایەنگرێکی بە حەماسی کۆمۆنەی پاریس بووە. بۆیە ناچارم پرسیارت لێبکەم: ئایا دەگونجێت مارکس لە هەمانکاتدا، لایەنگری دەوڵەتی سۆڤێتییش بێت؟ مارکس لێکۆڵینەوەی لەسەر یاسای گەشەی کۆمەڵگای سەرمایەداریی کردووە، لەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە دەدوێت کە ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی هەرەوەزکاریە، ئەمە لەکاتێکا دەوڵەتی سۆڤێتی بناغەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداریی و بیرۆکراسیەتەکەی و مشەخۆریەکەی ئەو کۆمەڵگایەی تێنەپەڕاند.
بە هەرحاڵ، کتێبەکەت زۆر جیاوازە. بەڵام بەداخەوە، کۆمێنتی لە چاپدەرە عەرەبیەکە بەم جۆرە باسی دەکات:
"ئەندریە کۆنت سپۆنڤیل باس لە سەرمایەداریی دەکات بەو وەسفەی: سەرمایەی سەرمایەداریی بەبێ بوونی ئەخلاق، نە ڕۆحی تێدایەو نە ئامانجی هەیە .. وە دەڵێت سەرمایەداریی بەبێ ئەخلاق، هەرەسی شارستانیەتی جیهانیە".
سڵاوێکی گەرم
ئەنوەر نەجمەدین
سلێمانی، کوردستان، عێراق
هاوینی ٢٠١١
____________________________________________________________________________
[1]
. سپۆنڤیل لە باسەکانیدا دەربارەی سەرمایەو خستنەبازاڕو کڕین و فرۆشتن، ماتریالیستانە لە پەیوەندیە ئابووریەکان دەدوێت. بەڵام بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ مارکس خۆی، مارکسیش دەخاتە ڕیزی ئەو پاڵەوانە فەلسەفیانەی دەیانەوێت بە ئەخلاق کۆمەڵگا بگۆڕن. ئەمەیش دەردێکە نەک هەر نێوەندی خەڵکی ئاسایی گرتۆتەوە، بەڵکو تەنانەت تێکڕای فەیلەسووفە هاوچەرخەکانی پێدا تێپەڕیوە.
[2]
. ئەندرێ لە کتێبەکەیدا ڕەخنەی مارکس دەگرێت کە گوایە کۆمۆنیزم بە ئەخلاقگەریی دەزانێت، ئەمە لەکاتێکا مارکس سەدان لاپەڕەی لە دانراوەکانی، تەرخان کردووە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو وەهمانەی فەلسەفە لەسەر ئەخلاقگەریی ڕایدەگەیەنێت. بەلای فەلسەفەوە، بەتایبەت هیگڵ، شتێرنر، وە زۆری تر لە فیەلەسووفەکانی ئەڵمان، گۆڕینی ئەخلاق ڕێگایە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا، بۆیە تاک دەبێت لە گۆڕینی بیروباوەڕەکانی نێو سەری خۆیەوە دەست پێبکات، واتە دەبێت ئەو بیروباوەڕانە لە سەری داماڵێت و بیروبۆچوونی نوێ بخاتە جێگایان، وە ئیتر بەوجۆرە، کۆمەڵگا دەگۆڕدرێت. فەلسەفە بەردەوام داوا دەکات نابێت مرۆڤ ئێگۆیست بێت، دەبێ یەکترییان خۆش بوێت. مارکس ئەمە بە وەهمێکی برجوازیانە دەناسێنێت و چیتر نا.
[3]
. ئەوە فەیلەسووفانن داوای ئەخلاقی لە خەڵک دەکەن، وە وەک مارکس دەڵێت: "شتێرنر داوا لە خەڵک دەکات لە "خۆیاندا" بگەڕێن بۆ خەتا، ئەمە لەکاتێکا ئەمە هیچ نیە، هەمان ئامۆژگاریی ئاینی کریستانیتی نەبێت" .. شتێرنر دەڵێت: "دەبا خەڵکی ئەو ئایدیایانە لەسەریان داماڵن؛ -ئیتر ئەم واقیعەی ئێستا هەرەس دەهێنێت" .. "ئەمەیش هەر خەسڵەتەکانی هیگڵە کە دەستەواژەی برجوازیەت دەکاتە کۆنسێپتێکی ڕاستەقینەی خاوەندارێتی و ماهیەتەکەی، "شتێرنر" یش زۆر دڵسۆزانە لاسایی هیگڵ دەکاتەوە (شتێرنر یەکێکە لە فەیلەسووفەکانی ئەڵمان).
Marx. Germen Ideology
وەڵامی مستر سپۆنڤیل
مسیۆ ئەنوەر
سوپاسی ئیمەیڵەکەت دەکەم، وە بەداخەوەم بە فەرەنسی وەڵام دەدەمەوە. بەداخەوەم ناتوانم بە ئینگلیزی وەڵام بدەمەوە: نازانم چ چاپێکی کتێبەکەمت خوێندۆتەوە: یەکەمیان، یان دووهەم کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی زۆری تێدایە، بەتایبەت ڕاوێژ لەگەڵ مارکس و مارکسیستەکان؟ هەڵوێستی مارکس لە ڕۆحی ئەخلاق، لە تاریکیدایە. لەلایەک بەناوی (ناوبراو) بە زانست و سیاسەتەوە ڕەتی دەکاتەوە؛ بەڵام، لە لایەکی ترەوە، کەم تا زۆر بەردەوام دەبێت لە هێنانە ناوەوەی ئەخلاقدا، لە هەڵسەنگدنەکانیدا کە حوکم لەسەر سەرمایەداریی دەدات و بیانوو بۆ کۆمۆنیزم دەهێنێتەوە. لەوێدا بەدرێژیی ئەوەم ڕوون کردۆتەوە: ڕێ بە خۆم دەدەم ڕووبەڕووی ئەو بابەتەت بکەمەوە
سەبارەت بە پاشماوەکەی، شیکردنەوەو ڕاوێژی هەڵوێستی مارکس (وە لینین) م کردووە لە کتێبێکی تردا، کە بەداخەوە وەرنەگێڕدراوەتە سەر عەرەبی یان ئینگلیزی: کە ئەمەیە
"Traité du désespoir et de la béatitude" (voir le chapitre 2)
بەداخەوەم ناتوانم لەوە زیاترت پێ بڵێم: ئەمە وەختێکی زیاتری دەوێت لەو وختەی من هەمە
سڵاوێکی گەرم
ئەندرێ کۆنت سپۆنڤیل