بەڕێز پرۆفێسۆر چۆمسکی
لەسەر ئینترنێت، ووتارێکم خوێندەوە "ڕەگی فەلسەفی جیاوازیەکانی مارکس-باکۆنین" کە بە یەکێک لە هەستەکانی تۆ دەست پێدەکات دەربارەی کارل مارکس:
" جارێکی تریش، من زانیاریەکی تەواوم لەسەر مارکس نیە تا بوێرم حوکمێکی بنەبڕ بدەم بەسەریدا. من وا هەست دەکەم[1]، ئیتر ئەمە بایەخی هەرچی بێت، مارکس لە سەرەتاوە، تا ئاستێکی زۆر، کەسایەتیەک بووە لە درەنگانێکی چەرخی ڕۆشنگەرییدا. بەڵام مارکسی دواتر، چالاکێکی ئێجگار دەسەڵاتخواز بووە، وە شیکارێکی ڕەخنەگرانەی سەرمایەداریی بووە، لەو کەسانەیش بووە زۆر کەمی هەبووە بیڵێت دەربارەی ئاڵترناتیڤە سۆشیالیستیەکان. بەڵام ئەمانە هەر تەنها هەستن" (نۆم چۆمسکی).
بەپێی ئەو نووسەرە: " قووڵترین خاڵی جیاوازیی سەرەکی نێوان مارکس-باکۆنین، شیکاریەکانیان بووە دەربارەی دەوڵەت. گرنگترینیان ئەوەیە کاتێک مارکس قۆناغی گواستنەوە دەبینێت لە نێوان سەرمایەداریی و کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی کامڵدا، کە دەوڵەتێک دەگرێتەخۆ لە فۆرمی دکتاتۆریەتی پرۆلێتاریادا (یان دەوڵەتی کرێکاران)، باکۆنین بەشێوەیەکی بنەبڕ دامەزراندنی هەموو شێوەیەکی دەوڵەتی ڕەت دەکردەوە، بە دەوڵەتی کرێکارانیشەوە" (بۆ یەکەمجار لە دیسامبری ٢٠٠٣ دا بڵاوکراوەتەوە)
سەرچاوەی ئینترنێت:
www.marxists.org/reference/archive/bakunin/bio/robertson-ann.htm
ئەگەر لە "وا هەست دەکەم" دوورکەوینەوەو پشکنینێکی تاقیگەییانە بۆ بابەتەکە بکەین، ئەوکاتە بەپێچەوانەوە، دەتوانین بە ئاسانی دەستەواژەکەی مارکس تێبگەین کە لەسەر تاقیکردنەوەکانی کۆمۆنەی پاریس وەستاوە، وە زۆر ڕوونیشە دەربارەی "تێپەڕبوون" لە بەرهەمهێنانی ڕکابەریانەوە (شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی) بۆ بەرهەمهێنانی هەرەوەزکاریانە (شێوازی بەرهەمهێنانی کۆمۆنیستی). لێکۆڵینەوە مێژووییەکانی مارکس، بە تەواوی جیاوازە لە دژەکانی، لەوانەی فۆرمی سیاسیی دەوڵەت دەپشکنن نەک جەوهەری مێژوویی دەوڵەت.
ئەمە هۆکاری ناردنی بابەتێکە بۆ ئێوە لەژێر ناونیشانی: "مارکس و دەوڵەت" دا[2]، وە هیوادارم کاتت هەبێت بۆ خوێندنەوەی و دەربڕینی ڕایەکی کورت لە بارەیەوە.
چاوەڕێی وەڵامتانم لە کاتێکی گونجاودا.
لەگەڵ سڵاوێکی گەرم
ئەنوەر نەجمەدین
سلێمانی، کوردستان، عێراق
٣٠ ئۆگۆست ٢٠١٨
_________________________________________________________________________
[1]
. مەبەستی چۆمسکی لە "وا هەست دەکەم" ئەوەیە کە ئەو دەربڕینە لەسەر مارکس، دەرئەنجامی پشکنینێک نیە، بەڵکو تەنها بۆچوونێکە نەک پوختەی لێکۆڵینەوەیەکی تاقیگەیی.
[2]
. خوێنەر دەتوانێت ئەو بابەتە لەم سایتەدا بخوێنێتەوە بە ئینگلیزی، پێشتر بەش بەش و کورت کورت بە زمانی کوردی بڵاو کراوەتەوە، بەشێکیشی بە عەرەبی لە (الحوار المتمدن) دا دەخوێننەوە.
وەڵامی پرۆفێسۆر چۆمسکی
سوپاس بۆ کۆمێنتەکەت، بۆ هاوپێچەکەیش. تێناگەم ئەوان چۆن بەرپرسیارێتی تێبینیەکانی من هەڵدەگرن، کە باوەڕم وایە دروست وەریان گرتووە، وە پەنایش دەباتە بەر لێکۆڵینەوە لە هەریەکە لە مارکس و ئینگڵس، وە باکۆنینیش، هەردووکیشیان [مەبەست مارکس و باکۆنینە] پێشوازیی کۆمۆنە دەکەن و زۆر بە توندییش دژی ڕووخاندنە دڕندانەکەی دەوەستنەوە، ئەمە لەو ووشانەیشدا کە من لەو نووسینەدا خستوومەتەڕوو. ئەوە ڕاست نیە کە ئەنارکیستەکان هەر خۆیان بە "فۆرمی سیاسی دەوڵەتەوە" بەستبێتەوە"
نۆم چۆمسکی
چاوەڕێی وەڵامەکانی چۆمسکی دەکەین لەسەر بابەتی "مارکس و دەوڵەت - داتاشینی ئایدیا بەناوی مارکسەوە"