ناکۆکیە مەنهەجیەکانی نێوان مارکس و ژیژاک
کارل مارکس دەربارەی هیگڵ دەڵێت:
"بەلای هیگڵەوە، هەرچی ڕوویداوەو تا ئێستایش ڕوودەدات هەر ئەوەیە کە لە عەقڵی خۆیدا ڕوویداوە. هەر بەو جۆرە فەلسەفەی مێژوو هیچ نیە مێژووی فەلسەفە نەبێت، فەلسەفەکەی هیگڵ خۆی" .. مێژوو بەلای هیگڵەوە: "ڕیز کردنی زنجیرەیەکە لە ئایدیاو کۆنسێت" (کارل مارکس، هەژاریی فەلسەفە).
بە لای ژیژاکەوە، هەرچی ڕوودەدات هەر ئەوەیە کە لە عەقڵی چەند فەیلەسووف و سایکۆلۆژیستێکی تردا ڕوویداوە نەک لە واقیعدا، وەک: هیگڵ، کانت، لاکان، بادیۆ، فرۆید. سەرچاوەی بۆچوونەکانی ژیژاک ئەو کەسانەن نەک لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بەخۆی بۆ مێژوو. ژیژاک تەنها، بە ڕیزکردنی ئایدیاکانی نێو سەری ئەوانەوە خەریکە نەک بە لێکۆڵینەوەوە، وە مێژوویش نابینێت، بەڵکو کۆنسێپت دەخوێنێتەوە. بۆ نموونە: ژیژاک دەڵێت" بەلای لاکانەوە مەنهەجی مارکس و فرۆید (کۆمەڵ، سایکۆلۆژیا)، هەمان مەنهەجی لێکۆڵینەوەن (بڕوانە: ژیژاک، بداية كمأساة وأخرى كمهزلة، لاپەڕە: ١٥٦).
ئەم دەرئەنجام وەرگرتنە حازربەدەستە، ڕوونی دەکاتەوە ژیژاک مەنهەجێکی نیە بۆ خۆی، بۆیە ژیژاک دەکەوێتە گێژاوەوە.
مارکس و فرۆید، دوو دیدگا، دوو مەنهەج، دوو مێتودی جیاوازیان هەیە بۆ لێکۆڵینەوە. لە کاتێکا فرۆید، کەسایەتی مرۆڤ، لە سێ سیستمی (ئەو، من، بەرزەمن) دا ڕیزبەند دەکات و سایکۆلۆژیا دەکاتە بنکەی لێکدانەوەی هەڵس و کەوت، ڕەفتار، ئارەزوو، لەو کاتەدا مارکس، ئەمە بە دەرئەنجامێکی ئایدیالیستانە دەناسێنێت. مارکس لەمێژە کۆنسێپتی ئایدیالیستانەی (من) ی لە هیگڵیزمدا، خستۆتە بەر ڕووناکی ڕەخنەیەکی ماتریالیستانە. وە بەڕوونی، زۆر بەڕوونی دەڵێت ئایدیالیستەکان بەم ڕێگایە، هەوڵ دەدەن سیفاتی کەسایەتی مرۆڤ، لە ژینگەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی خۆی داببڕن. بەلای مارکسەوە، هیگڵ و هەموو قوتابیەکانی، بەمە، تەنها دەگەنە لووتکەی لۆژیک، دەگەنە "کۆنسێپت"، ئەو کۆنسێپتە هیگڵیەی، شتێرنەری ئەڵمانی، زیاتر لە هەموو ئایدیالیستەکانی ئەودەمە، خۆیی پێوە خەریک کردووە.
مارکس دەڵێت:
"کۆنسێپت "منم -الانا" (بڕوانە لۆژیکی هیگڵ، بەشی سێهەم)، لۆژیک بەو واتایەی منم. ئا ئەمە پەیوەندیەکی ڕووتی منە بە جیهانەوە، پەیوەندیەکی داماڵراو لە هەموو ئەو پەیوەندیە بەکردەوانەی هاوپەیوەستەن بە منەوە" (مارکس، الايديولوجية الالمانية، ل : ٢٩١).
واتە لەسەری لاکان و ژیژاکدا نەبێت، ئەو مرۆڤە فرۆیدیەو ئەو مەنهەجە فرۆیدیەیش، لە مەنهەجی ماتریالیستەکاندا جێگایەکی نیە نێگەتیڤانە نەبێت. لە ماتریالیزمی مێژووییدا، ڕەفتارو ئارەزوو، بابەتی سایکۆلۆژیا نین، بەڵکو سایکۆلۆژیا خۆیشی، بابەتی مێژووە. بۆیە بەلای مارکسەوە، دروستکردنی ئەم کەسایەتیە فەلسەفیە وەهمیە، هەوڵێکە بۆ گۆڕینی پەیوەندیە تاقیگەییەکان بە پەیوەندی تێڕامان، تێڕامانی فەلسەفی، ئەگەرچی ئەو فەیلەسووفانە، وادەزانن بەمە ڕەخنەی پەیوەندیە بەکردەوەکانیان گرتووە (مارکس، هەمان سەرچاوە، ل : ٢٨٩).
مارکس بەڕوونی گووتوویەتی: ئەم یاریە هیچ و پووچە بە جیاوازیکاریەکان، هەموو "کتێبەکە" دەگرێتەوە [مەبەست کتێبە لۆژیکیەکەی هیگڵە] (ل : ٢٨٦). هەر ئەو کتێبەی هیگڵیش بۆتە سەرچاوەی دیدو تێڕوانینی بەشێکی زۆر لە فەیلەسووفە کلاسیکیەکانی ئەڵمان، لەوانە شتێرنر کە دەڵێت: "من هەموو شتێک دەگێڕمەوە بۆ زاتی خۆم". بەپێچەوانەوە، مارکس لە ناکۆکیدا لەگەڵ ئەم ئایدیالیستانە، بەڕوونی ڕایگەیاندووە، مێژوو بەلای ئەم فەیلەسووفانەوە، مێژووی بیروئایدیایە، مێژووەیەکە هەروەک ئەوەی خەیاڵ دروستی دەکات. وە ئیتر مێژووی تاقیگەیی، هیچ بایەخێکی نیە لە لایان (ل : ١٢٦). ئەمانە [بێگومان بە ژیژاکیشەوە]، جیهان و مێژوو بە بابەتی تێڕامان دەزانن (ل : ١٣١). هەر بۆیە ئەم ئایدیالیستانە: هەموو خەتایەک دەگێڕنەوە بۆ کەسایەتی خود، بۆیە دەڵێن تۆ خۆت چاک بکە، تۆ خۆت بگۆڕە، جیهان دەگۆڕدرێت. بەپێچەوانەوە، لەکاتێکا ئەمانە مێژوو دەگێڕنەوە بۆ خود، مارکس خود دەگێڕێتەوە بۆ مێژوو. ئەم ئایدیالیستانە، مێژووی مرۆڤایەتی بە پێکهاتەیەک دەبینن لە ڕەفتاری تاکتاکی جیاوازی مرۆڤ. مارکس ڕەفتاری هاوبەشی تاکەکان، بە یەکێتیەکی ئۆرگانیکی مێژوو دەبینێت، ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتی-میژوویی.
ئا ئەم تاکگەراییە، بەردی بناغەی لیبرالیزمە. ئایدیۆلۆژیا لیبرالیستیەکان، بەردەوام ڕایدەگەیەنن، تاک خۆی بەرپرسە لە کردارەکانی. وە ئیتر بەم جۆرە، کۆمەڵگاکەیان لە ڕەخنەی چینی بەرامبەر دەپارێزن. ئەو ڕەخنەیە بەرژەوەندی چینێکی کۆمەڵایەتی عەکس دەکاتەوە، چینی پرۆلێتاریا دژی بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار. واتە سەرچاوەی بیروئایدیاکان، تاکگەراییەکەی هیگڵ و شتێرنرو فرۆید نیە. بۆیە بەپێچەوانەوەی ئەم ئایدیالیستانەوە، مارکس دەڵێت:
"نە کانت و نە برجوازیەکانی ئەڵمان کە کانت باشترین گووتەبێژیانە، تێبینی ئەوەیان نەکردووە ئەم بیروئایدیا تیۆریانەی برجوازیەتیش هەر لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە ماتریالیستیەکان و ئیرادەیەکی مەرجدارو دیاریکراوە بە پەیوەندیە ماتریالیستیەکانی بەرهەمهێنانەوە" (مارکس، ل : ١٩٩).
ئایدیاکانی ئەم ئایدیالیستانە تێکڕا، دەچنەوە سەر یەک سەرچاوە: فەلسەفەی ئەخلاق! بە واتای مارکسیش، ئەمانە داوایەکی تایبەتیان هەیە بۆ خۆگۆڕینی تاک وە لە گۆڕینی تاکەوە کۆمەڵگاکەیان دەگۆڕن–وە وەک دەرئەنجامی ئەو گۆڕانکاریە، ئیتر پێشکەوتنی خەڵکی و پێشکەوتنی کۆمەڵگاکەیان یەکدەگرێتەوە (ل : ٢٢١).
ئەم تاکگەراییە، بەواتای مارکس لە "کۆمۆنیزمی شتێرنریدا" -واتە کۆمۆنیزم بەو واتایەی شتێرنر تێیگەیشتووە- لە ماهیەتدا، ماهیەتی تاک، خۆی دەنوێنێت.
مارکس دەڵێت:
"بەلای شتێرنرەوە، "کۆمۆنیزم" بە گەڕان دەست پێدەکات بە دوای "ماهیەتدا" .. ئەو جارێکی تریش بەمە، مەبەستی ئەوەیە "لەپشت شتەکانەوە بچێتەوە ژوورەوە". بەڵام کۆمۆنیزم بە تەواوی بزووتنەوەیەکی بەکردەوەیە، بە ئامرازی بەکردەوە، بەدوای ئامانجە بەکردەوەکانەوەیە، وە ناشتوانێت خۆی بە بایەخدان بە "ماهیەتەوە" خەریک بکات تەنها لە ئەڵمانیادا نەبێت" (ل : ٢٢٢).
دواتر، مێتودی ژیژاک لەبارەی کۆمۆنیزم و سۆشیالیزمەوە، لەگەڵ چەند دەرئەنجامێکی ئابووری سەیروسەمەرە، سەرنج دەدەین کە ژیژاک هەموویان لە کەسانی ترەوە دەهێنێت و ئەم خۆی، تەنها ڕیز کردنیانی لەسەرە، ئەو سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمەی چ پەیوەندیەکی بە پرۆلێتاریاوە نیە. ئەوە کۆمۆنیزمی نێو کتێبەکانە.
ئەم بابەتانەیش بخوێنەرەوە
|