ڕۆزا لۆکسمبۆرگ ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لە مانگی ٩/١٩١٨ دا لە زیندان، وەک پێداچوونەوەیەک بە بۆچوونەکانی مانگەکانی یەکەمیدا دەربارەی ڕۆڵی بەلشەفیستەکان لە شۆڕشی ڕوسیدا، کە ڕۆزا لە چەند مانگی یەکەمدا، تەنها وەک هەڵەیەک یادی خستۆتەوە، تێپەڕ دەکات بۆ ڕەخنەیەکی ئێجگار توندی بەلشەفیستەکان و دەنووسێت: "شۆڕشی سۆشیالیستی بە حەربەی ئەڵمانی پاڵپشتی دەکرێت، دکتاتۆریەتی پرۆلێتاریا لەژێر چاودێریی ئیمپریالیزمی ئەڵمانیدایە". هەر لەو باسەدا، ڕۆزا لەوەیش دەترازێت و ئیشارەت بەوە دەکات کە هاوپەیمانێتی بەلشەفیستەکان لەگەڵ چەند هێزێکی ناوخۆییدا وە بیانوو هێنانەوە بۆ سیاسەتی دەرەوە لەسەر ئەو ڕایەی گوایە ڕوسیا ووڵاتێکی کشتوکاڵیەو سەرمایەداریی بەتەواوی تێیدا گەشەی نەسەندووە، بەسە بۆ ئەوەی هەموو ئیجرائاتێکی سۆشیالیستانە بسڕنەوە. بەڵام تاکە چارەسەر بۆ ڕزگار کردنی پرۆلێتاریای ڕوسیا لەو کارەساتانە، شۆڕشی ئەڵمانیاو ئینترناسیۆنالیستیە بۆ پاراستنی شەرەفی شۆڕشی ڕووسی؛ نەک هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەڵمانیادا. ڕۆزا بەڕوونی باس لەوە دەکات کە کات بەسەربردنی لینین و ترۆتسکی و بەلشەفیستەکان، تەنها بۆ تێشکانی شۆڕشە. وە لە بەردەوام بوونیدا لە چاودێریی هەڵوێستەکانی بەلشەفیستەکاندا دەربارەی شۆڕش، ڕۆزا بەڕوونی دەڵێت: بەلشەفیستەکان میراتگری یاکوبیەکانن، واتە میراتگری ڕۆپسبێر، بەتایبەت لە دابەش کردنی زەویدا بەسەر جووتیاراندا. وە دەڵێت: لینین و هاوڕێکانی بەم سیاسەتە، دەگەنەوە هەمان دەرئەنجامی شۆڕشی برجوازیی فەرەنسی، ئەوە دابەش کردنی زەوی بوو بەسەر جووتیاراندا کە ناپلیۆنی خستە سەر تەخت. ئیسڵاحی زراعی لینینییش، چینێکی نوێی بەهێز دروست دەکات لە دوژمنانی میللی سۆشیالیزم لە لادێکاندا. ڕۆزا دواینجار دەگاتە ئەوەی بڵێت: بەلشەفیستەکان هیچ نین دەستەیەکی دکتاتۆر نەبێت، وە دکتاتۆریەتەکەیان دکتاتۆریەتی برجوازیە نەک پرۆلێتاریا، دکتاتۆریەتی دەستەیەکی سیاسی، دکتاتۆریەت بە مانای یاکوبیەکان، ڕۆپسبێریەکان. سەرچاوە: Rosa Luxemburg, Internet Archive - The Russian Tragedy 1918 - The Russian Revolution, The Bolshevik Land Policy 1918 - The Russian Revolution, The Problem of Dictatorship 1918 |
مامۆستا بەهادین نوری دەڵێت
.... لێکۆڵینەوەی ئەزموونی سۆڤێتی دەریدەخات شۆڕشی ئۆکتۆبەر شۆڕشێکی سۆشیالیستی بوو لە شێوەو ناوەڕۆکدا، وە لە دامەزراندنی سۆشیالیزمدا، بە ڕێگایەکی بێ وێنە لە مێژوودا، چووە پێشەوە. بەڵام هەر لە سەرەتاوە، خاڵی گەورەی لاوازییشی لە خۆیدا هەڵگرتبوو، بەڵکو فاکتەری ڕووخاندنی ئایندەی لە خۆیدا هەڵگرتبوو لە حاڵی ڕاست نەکردنەوەی هەڵەکانیدا، بەتایبەت ئەو هەڵەیەی کە ئەزموونی ڕوسی بە "یاسای گشتی" دادەنا بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی لە هەموو جیهاندا. من دامەزراندنی سۆشیالیزم نابینم بەبێ گۆڕینی موڵکدارێتی تایبەتی (سەرمایەداریی) بە موڵکدارێتی گشتی کۆمەڵایەتی-سۆشیالیستی. موڵکدارێتی گشتی بناغەی ماتریالیستیی گواستنەوەیە لە شێوەو ناوەڕۆکدا. وە بەدیهیشە ئەوکاتە بەرهەمهێنان دەبێتە بەرهەمهێنانی سۆشیالیستی و بەرهەمهێنان و دابەشکردنیش پێکەوە دەگونجێن، واتە جەماوەر بە جەماعی بەرهەمدەهێنن و بەرهەمەکانیش بە جەماعی دابەش دەکرێنەوە بەسەر بەرهەمهێنەراندا، ئەمە لە بری ئەوەی جەماوەر بەرهەمبهێنێت و تاکە سەرمایەدارەکان سوودمەند بن لەو بەرهەمانە. لەم حاڵەشدا سروشتیە نوێنەرانی جەماوەر خۆیان لە بارودۆخێکی ئاساییدا ڕۆڵی ئیدارییش بگێڕن، لەکاتێکا کە دیموکراسیەت سەروەرە لە کۆمەڵگادا. بەڵام بارودۆخەکە بەم جۆرە نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانەی ئەمەوە، دیموکراسیەت بە شێوەیەکی دروستکراو، دابەشکرا بە دیموکراسیەتێکی برجوازی و ئەوی تر پرۆلێتاری. ئەمەی دواییشیان، لە پراکتیزەکردنی بەکردەوەدا، تەنها دەربڕی ئازادیی چالاکی بوو بۆ لایەنگرانی دەسەڵات، وە ڕێگرتن لە هەموو ڕەنگێکی ئۆپۆزیسیۆنانە. ئەمەیش بووە هۆی داپۆشینی بیرۆکراسیەت و دانانی ڕێگرێک لەبەردەم داخوازی ڕێفۆرم و دەستپێشخەری و داهێناندا، کە بووە هۆی بڵاوکردنەوەی دۆگماتیزم لە دەوڵەتی سۆڤێتیداو پارێزگاری کردنی گەندەڵکاران و ئامادەکردنی بارودۆخێک بۆ گێڕانەوەی سەرمایەداریی لەناو ڕەحمی سۆشیالیزمدا سەرلەنوێ، وە هەر ژیان خۆی ئەو ئایدیایەی بەتاڵ کردەوە کە گوایە توانا نیە کۆمەڵگا لە سۆشیالیزمەوە بگەڕێتەوە بۆ کاپیتالیزم. بە دەستەواژەیەکی ڕوونتر، خۆبەستنەوە بە دوگماتیزمەوە، یەکێتی سۆڤیەتی تووشی نەخۆشیەکی مەترسیدار کرد، ئەویش ئەوەیە کە ناودەبرێت بە ستالینیزم. برجنێفیش لە ماوەی بیست ساڵدا لە سەرووی حیزب و دەوڵەتەوە، ئەو نەخۆشیەی زیاتر کرد؛ تەنانەت ئەو بارودۆخە گەیشتە دەرئەنجامێکی لۆژیکیی وەک ساڵی ١٩٩١ و سەرمایەداریی گەڕایەوە جێگای سۆشیالیزم لە دەسەڵاتدا. ..... دەمەوێت ئیشارەت بە خاڵێکی تریش بدەم: ڕێگای گواستنەوە بەرەو سۆشیالیزم. لە قۆناغێکی مێژوویی درێژدا، بەکەرهێنانی زەبروزەنگ بۆ گواستنەوە بەرەو سۆشیالیزم، تاکە ڕێگایە وەک ڕووداوە مێژووییەکان ڕوونیان کردەوە. لە ڕوسیادا بەلشەفیستەکان توانیان بگەنە دەسەڵات لە ڕێگای شۆڕشێکی چەکداریەوە بۆ ڕووخاندنی سیستمی سەرمایەداری. وە لە هەموو ووڵاتانی تری جیهاندا، مێژوو هیچ سەرکەوتنێکی ئاشتیانەی بە خۆیەوە نەبینیوە هەتا کۆتایی سەدەی ڕابووردوو. بەڵام گلۆباڵیزم و ئەو ڕەگەزانەی دروستی کردوون لە گەشەی شارستانیەتی نوێی هاوچەرخدا، بارودۆخێکی لەباریان دروست کردووە بۆ گواستنەوە بەرەو سۆشیالیزم لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، وە لەسەر لایەنگرانی گواستنەوەی ئاشییانەیە زیاتر چاوەڕێ بن و خۆگرتر بن. بەڵام من چاوەڕێی ئەم جۆرە گواستنەوەیە دەکەم بەرەو سۆشیالیزم لە مێژووی ئایندەدا. ساڵی ٢٠١٥ بۆ سایتێک نووسراوە بە زمانی عەرەبی |