لە ڕۆژاڤا، هەر کورد زوبان لە جەنگدا نیە، بەڵکو ئاسووری، ئەرمەنی، تورک، ئەوروپی، ئەمریکی لە جەنگدان، بەڵکو هیزێکی ئینترناسیۆنالیستی، هەر لە سەرەتاوە، بەشدار بووە لە
پێکهێنانی ئەوەی لە سووریادا دەگوزەرێت. ئەی ئێستا ڕۆژاڤا بەو هەموو پاڵەوانێتیەوە، لە چ ئاسۆیەکەوە ئاوا دەبێت؟
با ڕێ بدەین لێرەدا، ئەو ئینترناسیۆنالیستانە، تیشکێک بخەنە سەر ئەم باسە کە بەشداری جەنگەکانی ڕۆژاڤا بوون هەر لە سەرەتاوە
ڕۆژاڤا چۆن دەستی پێکرد؟
لە سبتامبری ٢٠١٥ دا، یەکێک لە گروپە کۆمۆنیستیەکانی ئەمریکای لاتین دەنووسێت: "ڕێمان بدەن ئەوە یاد بخەینەوە کە لە ٢٠١١ داو بەر لەویش، ناوچەی جیاوازی سوریا (بەو ناوچەیەیشەوە کە کوردەکان پێی دەڵێن ڕۆژاڤا)، جێگای تێکۆشانێکی پرۆلێتاریی سەرسووڕهێنەر بوو کاتێک بووبووە شوێنی پێکاکێشانی پرۆلێتاریەکان لەگەڵ هێزە چەکدارە سەرکوتکارەکاندا (وە هەر ئەوە بە دەوری خۆی، بووە جێگای یاخی بوونی چەندان کۆمەڵە سەرباز) و ئاستێکی بەرز لە سەرهەڵدانی کۆمەڵە پرۆلێتاریەکان. بەڵام ئەم بارودۆخە، هێواش هێواش، لە برجوازیەتەوە، گۆڕدرا بە جەنگی ناوخۆو هەر لەوێیشەوە، چەندان دەستە لەو پرۆلێتاریایانەی وەک دەرئەنجامی ئەو ناکۆکیە سەریانهەڵدابوو، بوونە بەشێک لە سوپای ئازادیخوازی سوریا (Free Syrian Army (FSA، وە ئیتر ئەو خەباتە پرۆلێتاریە، گۆڕرا بە ململانێی نێوان تاقمە برجوازیەکان"١.
ئەمە سەرەتای ڕووداوەکانی سوریا بوو کە داڕێژەرەکەی جەنگێکی چینایەتی بوو نەک ناسیۆنالیستی. ئەوەیش حوکمی قەدەر نەبوو کە ئینترناسیۆنالیستەکان رژانە ئەو ناوچەیە، بەڵکو مەرجە ماتریالیستیە مێژووییەکان ئەو بارودۆخەیان خوڵقاند.
کێ ڕۆژاڤای گەشانەوە؟
با (هێزە گەریلاییە میللییە شۆشگێرە ئینترناسیۆنالیستەکان International Revolutionary People’s Guerrilla Forces-IRPGF) وەڵام بدەنەوە:
"لە سەرەتاوە شەپۆلێکی بەردەوام لە لایەنگرە ئینترناسیۆنالیستەکان دەهاتنە ڕۆژاڤا. کۆمەکی ئینترناسیۆنالیستی و حیزب و گروپە گەریلاییەکان، لە ووڵاتە دراوسێکانەوە دەهاتن. ماوەیەکی کورتیش لەمەوبەر، لایەنگرە ئینترناسیۆنالیستەکان دەهاتنە ناوچەکە وەک دەرئەنجامی گەشەی داعش و هێرشی فراوانی بۆ سەر عێراق و سوریا.
لە کاتی شەڕی کۆبانێ و کۆمەڵکوژیەکانی داعشدا لە ڕۆژاڤاو شەنگالیش، چەندان تاک و گروپی ئینترناسیۆنالیستیی تر ڕوویان لە ڕۆژاڤا کرد، ئەمەیش بە هۆکاری هەمە چەشنە، میلیتانتە چەپەکانی تورکیا کە بە حیزبی شیوعی مارکسی-لینینی (MLKP) ناودەبرێن، وە حیزبی شیوعی تورکیی مارکسیست-لینینیست (TKP/ML)، هەروەها هێزە یەکگرتووە ئازادیخوازەکان (BÖG) کە دەیانەویست بەشدار بن چ لە ڕۆژاڤاو چ لە باکووری کوردستان – تورکیا، هاوشان بە تورکەکان، چەندان کۆمۆنیست و سۆشیالیستی ئینترناسیۆنالیست و چەند ئەنارکیستێکیش، ئەمانە لە پاڵ لایەنگرانی مەلەسەی کورد، ئەنتی-فاشیستەکان، فێمینیستەکان وە ئەوانەی پرۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسییان بە سیحرێک دەزانی، بەشداری خەبات کردن بوون. ئەمانە هاوشان بوون بە هاتنی ئەو هەموو ئیسلامیست و مەسیحی و فاشیستانەی ڕژابوونە ناوچەکە. بەڵام ئەوکاتە بارودۆخەکە لەسەر ئەرزی واقیع گۆڕرا بوو. وە دروست بوونی هێزێکی متجانسی ئینترناسیۆنالیستی، گەلێ دوورکەوتبۆوە لەو تێکەڵەیەدا ....
گەلێک لە لایەنگرە ئینترناسیۆنالیستەکان بە قووڵی و بە ڕوونی و لە شیکاریەکی هەڵوێستە ئایدیۆلۆژیەکانیانەوەو لە جوگرافیای سیاسیی ناوچەکەو جەنگی گەریلاییەوە ڕوویان لێرە ناوە. تێکەڵەیەک هەیە کە لە کواڵیتیەکی باش لە شەڕڤانە کۆمۆنیست و سۆشیالیست و ئەنارکیستە خەباتگێڕە گەریلاییەکانەوە هاتوون کە لە هیچ لایەکی تری خەباتی چەکداریدا لە جیهاندا، بوویان نیە. ئا ئەمە هەلێکی نوێ دەداتەدەست و دەچێت بەرەو چەند داهێنانێکی دانسقە، لەوانە بەتالیۆنە ئازادیخوازە ئینترناسیۆنالیستەکان ( International Freedom Battalion (IFB)، ئەمە جگە لە مەشق و چالاکیی عەسکەریی هاوبەش و هەروەها ڕاونانی تارمایی ئەو مەترسیانەی کە دەبێت دووبارە نەبنەوە"٢.
لە ڕۆژاڤا چی دەگوزەرێت؟
یەکێک لە باس و خواسەکانی ڕۆژاڤا، پرۆپاگەندەی بەشێکە لە ئەنارکیستە ئێکۆلۆژیست و فێمینیستەکان دەربارەی یۆتۆپیایەک لە ڕۆژاڤا: سۆشیالیزمی ئەنارکیستە ئازادیخوازەکان.
ئەوەی لە ڕۆژاڤادا دەگوزەرێت -بگەڕێنەوە بۆ ووتاری "ئۆجالان: لە ماویزمەوە بۆ ئەنارکیزم"- ئەوە چ پەیوەندیەکی بە سۆشیالیزم و خۆبەڕێوەبردنەوە نیە. وە لەبەر ئەوەی بەشێک لە ئەنارکیستە ڕێفۆرمیستەکان ئەمایان ڕاگەیاندووە، ناچارین بە ئەنارکیستە شۆڕشگیرەکان، وەڵام بەو بۆچوونانە بدەینەوە.
ئەنارکیستێک دەنووسێت: "زۆرجار ئیدیعای ئەوە دەکرێت کە ئەوەی لەڕۆژاڤا دەگوزەرێت، جۆرێکە لە دیموکراسیەتی ڕاستەوخۆ بەبێ دەوڵەت. ئەوەیشی دەیڤید گرێبەر بیری لێدەکاتەوە، بەراووردی ئەزموونی ڕۆژاڤایە بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئەنارکیستیی لە جەنگی ئەهلی ئیسپانیدا (١٩٣٦). ئەوەی خۆراکی ئەم بیرکردنەوەیەیە، سەرهەڵدانی کۆمیتە شارەوانیەکان بوون لە هەرێمەکەدا. بەڵام دەسەڵاتی کۆمیتەی شارەوانیەکان، ئێجگار سنووردارە. ئەوانە تەنها لەگەڵ کاروبارە ڕۆژانە بچووکەکاندا مامەڵە دەکەن لەبری ئیدارەی کۆمەڵگا. سەبارەت بە هەر جۆرێکی سۆشیالیستی، ئیتر ئازادیخواز بێت یاننا، سۆشیالیزم لە ناوچەیەکدا بەدی ناهێنرێت، ئەمە لەکاتێکا کە ئەمە بە تەواوی شێوازێکی نوێی بەرهەمهێنانە کە دیزاین کردنی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەداریی جیهانیە. ئەو کۆمەڵگایەی شۆڕشێکی سۆشیالیستی بەرپا دەکات، ئەوە ئەو کۆمەڵگایەیە چینی کرێکار زاڵ دەبێت لە بەرهەمهێناندا و ڕێکخستنێکی نوێی لێ بینا دەکات، لەو شوینەیش کە جووتیاران بوونیان هەیە، ئەوانیش کۆنترۆڵی زەوی دەکەن و دەیکەنە هاوبەش. ئەمە تاکە ڕێگای دامەزراندنی موڵکداریتی کۆلێکتیڤیە لە شێوازی بەرهەمهێناندا. ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕوودەدات ئەمە نیە. لەوێ بە دەستوور، پارێزگاریی موڵکدارێتی تایبەتی دەکرێت، یەکێکیش لە بەرپرسانی پەیەگە گووتی ئەو موڵکدارێتیە دەتوانێت بوونی هەبێت ئەگەر "ناکۆک نەبێت بە موڵکداریتی شارەوانی". بۆ ئەوانەی کە نازانن، موڵکدارێتی تایبەتی ئەو پەیوەندیە کاپیتالیستیەیە کە کەرەسەکانی بەرهەمهێنان دەکاتە کاڵا و لە بازاڕدا دەفرۆشریت و لە لایەن ئەوانەیشەوە دەکڕدرێت کە خاوەنی سامانێکی زۆرن بە جۆرێک کە چالاکانە، بەرهەمهێنەران لە کۆنترۆڵ کردنی ئەو کەرەسانەی بەرهەمهێنان دادەبڕێت، بۆچوونی سەرەکی سۆشیالیزم، هەڵوەشاندنەوەی ئا ئەو پەیوەندیەی بەرهەمهێنانە. بۆیە لە ڕۆژاڤا نە سۆشیالیزم هەیەو نە شۆڕشی سۆشیالیستی"٣.
ڕۆژاڤا بەرەو کوێ؟
گرنگ نیە ئێمە چۆن بیر دەکەینەوە، گرنگ ئەو ڕووداوانەیە کە چۆن هاتن و چۆن تێدەپەڕن. ئەوەی لە ڕۆژاڤا دەمێنێتەوە ئۆتۆنۆمی نەتەوەییە، ئەمە مادام زۆرینەی ئینترناسیۆنالیستەکان لە ڕۆژاڤا کشانەوەو بینیان لەوێ "دروست بوونی هێزێکی متجانسی ئینترناسیۆنالیستی، گەلێ دوورە لەو تێکەڵەیەدا"، بەتایبەت لەکاتێکا کە هێزی سەرەکی ڕۆژاڤا، تەنها لە دەوری ئۆتۆنۆمی دەسووڕیتەوە. ئەو پاڵەوانێتیەیشی لە ڕۆاژاڤا دەبینرێت، داستانێکی لێ دەمێنێتەوەو هیچی تر.
درێژەی باسەکە دواتر دەگاتە دەستتان.
سەرچاوەکان:
- Internationalist Proletarians - http://www.myinternetpages.com/internationalists.html
- Critical Discussion On Armed Struggle With Anarchists In Rojava
- Revolution From Below In Syria? An Anarchist Analysis Of The Kurdish Movement For Autonomy In Rojava
دەتوانن ئەم بابەتە بە پی. دی. ئێف بیخوێننەوە
![]()
|