٨ ئازار: ڕۆژی ئافرەتانی جیهان یان ڕۆژێکی خوێناوی لە مێژووی کۆمەڵگای سەرمایەداریدا؟ئەم مانگە پڕە لە بۆنەی شۆڕشگێری، یەکێک لەوانە ٨ ی ئازارە؛ یادی یەکێک لەو ڕۆژانەی وەحشیگەرێتی سەرمایە نیشان دەدات، یادی ڕۆژێکی ترە لە ڕۆژە خوێناویەکانی جیهانی سەرمایەداری. ئەو ڕۆژە چ پەیوەندیەکی بە ژنان و ئافرەتانەوە نیە وەک ئافرەت، بەڵکو دەربڕی خەباتی چینایەتی ڕۆژانەیە لە پێناوی زیاد کردنی کرێی کارو کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کاردا. لە ٨ / ٣ / ١٩٠٨ دا، واتە ١١٠ ساڵی تەواو لەمەوبەر، یەکێک لە سەرمایەدارە گەورەکانی ئەمریکا کە خاوەنی پیشەسازی چنین دەبێت، دژی مانگرتنە یەک لە دوای یەکەکانی ئافرەتان، دەرگای کارگەکەی لەسەر کارگەرەکانی دادەخات و ئاگر بەردەداتە کارگەکە. کارگەکە دەبێتە دۆزەخی ١٢٩ خەباتگێڕی ئافرەت لە ڕەگەزنامەی ئەمریکی و ئیتاڵی. ئەمەیە ئەو ڕۆژەی سەرمایە کردیە شەڕی نێوان ئافرەت و پیاو، ئەو ڕۆژەی هیچ نیە، تۆمار کردنی مێژووی پاڵەوانێتی و خۆگری ژمارەیەک کرێکاری ئافرەت نەبێت دژی سیستمی کۆیلایەتی سەرمایە، ئەو ڕۆژەی سەرمایە بەکاری دەهێنێت بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکانی لە بازاڕدا بەناوی "پێشکەش کردنی گوڵێکەوە بە هاوسەرەکەت". سۆشیالیستە دیدگابەرتەسکەکانیش، ئەم بۆنە مەزنەی خەباتی چینایەتی ئافرەتانیان، خستە ڕیزی خەباتە ڕێفۆرمیستیەکەی خۆیان: مافی ئافرەت لە دەنگداندا، مافی ئافرەت لە کار کردندا، لە لە ناوبردنی جیاوازی نێوان پیاوو ژن و لە پێناوی دانانی ئافرەت لە پۆستی بەرزدا. ئەمەیش هیچ نیە ئازاد کردنی کۆیلەکان نەبێت بۆ بازاڕی کاری ئازاد، هەروەک چۆن کۆیلە ڕەشەکان ئازاد کران لە پێناوی ئەو بازاڕەدا. وە هەر ئەوەیە سروشتی ڕاستەقینەی سەرمایەداری. سەرمایەداری، ئامێری جیاوزای و چەوساندنەوەیە، ئیتر گرنگ نیە ئەو چەوساوەیە کێیە: ڕەشە یان سپی یان سوورپێستەکان، ئافرەتە یان پیاو، مناڵە یان پیر. وە هەر ئەو سۆشیالیستانە، خەباتی چینایەتی ئافرەتیان لە بەرهەڵستی سەرمایەوە، گۆڕی بە خەبات لە پێناوی ئاشتی جیهانیدا. ئەی بۆچی مەگەر سەرمایەداری، ئامێری جەنگ و کاولکارییش نیە؟ بەدرێژایی مێژووی کۆمەڵگای مۆدێرن، کۆمەڵگای سەرمایەداری، خەباتی ئافرەت، بەشێکی گرنگ بووە لە خەباتی چینایەتی، ئیتر با سۆشیالیستە بەرچاوتەسکەکانیش لە دیدی پیاوەوە بڕواننە ئافرەت و وایدابنێن گوایە دەبێت لە پێشدا ئافرەت و نەتەوەی ژێردەست و مناڵ و پیر ڕزگار بکەن لە چەوساندنەوەو پاشان چەوساندنەوەی چینایەتی لەناوببەن. ئەوان نازانن، هەموو جۆرێکی چەوساندنەوە، پابەندی یەک جۆر چەوساندنەوەیە: چەوساندنەوەی مرۆڤە لە لایەن مرۆڤەوە! کۆمێنت
0 Comments
|