باکۆنین و مارکس: دەربارەی ڕێکخستنی ئینترناسیۆنالیستی و گروپچێتی
میخائیل باکۆنین دەڵێت: "چی ڕوودەدات کاتێک ئینترناسیۆنالیزم ڕێکخستنێکی باشتری هەبێت، وە کاتێک لقی زیاتر لە ڕیزەکانیدا کۆدەبنەوە، وە کاتێک هەر یەکێک لە لقەکانی سێ جار زیاد دەکەن؟ چی ڕوودەدات کاتێک هەموو ئەندامێک بە شێوەیەکی باشتر لە کارەکانی ئەمڕۆو دوا ئامانج و پرنسیپی ڕاستەقینەی ئینترناسیۆنالیزم و ئامرازەکانی سەرکەوتنیشی تێبگات؟
ئەوکاتە ئینترناسیۆنالیزم دەبێتە هێزێک کە ناتوانرێت تێکبشکێنرێت (باكونين، بنية الدولة في معارضة بنية الأممية، 1871). کارل مارکسیش دەڵێت: "ئینترناسیۆنالیزم بۆیە دامەزرێنرا هەتا ڕێکخراوی بەکردەوەی چینی کرێکاران بخرێتە جێگای تایەفە سۆشیالیستیەکان و شێوە سۆشیالیستیەکان .. (ئینترناسیۆنالیزمیش) نەیدەتوانی بەردەوام بێت ئەگەر ڕێڕەوی مێژوو، جیهانی گروپچێتی تێکنەشکاندایە. گەشەی گروپی سۆشیالیستی و گەشەی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی چینی کرێکار بەردەوام پێچەوانەی یەکتر دەڕۆن. وە مادام (لە تێڕوانینی مێژووییەوە) گروپ بیانووی بوونی هەیە، ئەوا هێشتا بزووتنەوەی مێژوویی سەربەخۆی چینی کرێکار، کامڵ نەبووە" (ماركس، إلى ف. بولت، نيورك، 1871). هەر بەوجۆرە، خۆڕێکخستنی پرۆلێتاریا، گرنگترین ئامرازی چینایەتیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوترین هێزی سەرمایە کە دەوڵەتە. وە مادام بزووتنەوەی چینایەتی، ستراتیژیەتێکی دیاریکراوی خۆی هەیە، ئەوا ئەو بزووتنەوەیە، تاکە هەنگاوێک لەو ستراتیژیەتە نزیک نابێتەوە، بەبێ خۆڕێکخستنی پرۆلێتاریا لە جەنگە چینایەتیەکەیدا، ئەمەیش وازهێنان دەخوازێت لە کۆنسێپتە تیۆریە ووشکەکان و دەستبەرداربوونی هەموو جۆرە تایەفەگەرێتیەکی سۆشیالیستەکان و هەموو تیۆریگەراییەکیش، شۆڕشگێران لە تیۆریدا یەک ناگرنەوە، بەڵکو لە ئامانجە کۆمەلایەتیەکاندا کارە هاوبەشەکانیان دەدۆزنەوە. وە لەکاتێکا بزووتنەوەی پرۆلێتاری خۆی، تاکە قوتابخانەی خەباتگێڕانە، ئەوا پێویستە خەباتگێڕان لە دەرس و تاقیکردنەوەکاندا بۆ ئامانجە هاوبەشەکان بگەڕین نەک لە تیۆریە جیاوازەکان و کتێبە پیرۆزەکاندا. دەبێت ئەزموونە شۆڕشگێریەکانی کۆمۆنەو سۆڤیەتەکان (کۆمیتە کارگەریەکان)، بەردی بناغەی یەکخستنی هێز بن، وە هەر ئەو ڕێگایەیش شک دەبەین بۆ تێپەڕکردنی هەموو ناکۆکیە فیکریەکان. وە مادام بزووتنەوەی پرۆلێتاریا سروشتێکی ئینترناسیۆنالیستی لەخۆگرتووە، ئەوا ڕێکخراوی سۆڵیداریتیی ئینترناسیۆنالیستی، باکگراوندی هەموو هەنگاوێکی بەکردەوەیە بۆ یەکخستنی هەموو هەوڵێکی شۆڕشگێری. بەڵام نە کۆمۆنەو سۆڤیەتەکان دەرئەنجامی نەخشەی باکۆنین و مارکسن، نە ئایندەیش پابەندی فیکری زاناو فەیلەسووفانە وە نە شۆڕشیش پلانی بلانکی یان برۆدۆن، مارکس یان باکۆنینە، بۆیە سۆشیالیستەکان ئەمڕۆیش وەک دوێنێ، لە بزووتنەوەیەکی مێژوویی ماتریالیستیەوە دەستپێدەکەن نەک لە فیکری ئەم بیرمەندو ئەو حیزبی سیاسیەوە. ڕۆڵی بەتاک و بە کۆمەڵی شۆڕشگێرانیش، بەشێکە لە خودی ئەو بزووتنەوەیە خۆی نەک وەسیەتی سیاسی ئەم سەرکردەو ئەو حیزب. ئەنوەر نەجمەدین: کورتەیەکە لەو باسەی بە سێ بەش لە (الحوار المتمدن) دا بڵاوم کردۆتەوە لە ساڵی ٢٠١٣ ماركس وباكونين: الدولة والكومونة (فى ذكرى ثورة الكومونة) |