هاوڕێیان! ئەم بابەتەی لە بەردەمتاندایە چەند ڕاوێژێکی گرنگ ڕوون دەکاتەوە دەربارەی و ئێران و عێراق. بەشداریی ئینترناسیۆنالیستەکان لەم ڕاوێژەدا گرنگەو بەرزیش دەنرخێنرێت، ئەگەرچی لەوانەیە خەباتی چینایەتی پاڵ پێوەبنرێت بۆ دواوە تا ماوەیەکی کەم، ئەمەیش لەژێر ناونیشانی جەنگدا دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ێمە بۆچوونەکانتان وەردەگێڕین و بڵاویشیان دەکەینەوە لەو شوێنەی بابەتەکە بڵاودەبێتەوە:
www.myinternetpages.com
ئەنوەر نەجمەدین / عێراق
21 / 2 / 2020
ێمە بۆچوونەکانتان وەردەگێڕین و بڵاویشیان دەکەینەوە لەو شوێنەی بابەتەکە بڵاودەبێتەوە:
www.myinternetpages.com
ئەنوەر نەجمەدین / عێراق
21 / 2 / 2020
عێراق و ئێران: ناکۆکیە چینایەتیەکان و جەمسەرگیریی چینایەتی
دوانزە ساڵ بەسەر قەیرانە گلۆباڵیەکەی ٢٠٠٨ دا تێدەپەڕێت، ئێستا ئیتر ڕوونە هەرگیز گەڕانەوە ڕوونادات بۆ ژیانی ئابووریی ئاسایی لە جیهاندا. لە ١٩٧٠ ەوە شەش قەیرانی گلۆباڵی ڕوویداوە؛ ئەوەی دواییان سست بوونە گەورەکەی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ بوو کە درێژترینیان بوو لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، وە خراپترینیشیان بوو لە هەرەسە ئابووریە گلۆباڵیەکەی کەسادی گەورەوە (١٩٢٩). ئەمەیش یانی ئەوەی سست بوونی داهاتوو، هەمیشە لەدەم ئاسۆدایە، وە چاوەڕوانکراویشە یەکێک لە مەترسیدارترینیان تۆمار بکات لە مێژووی مۆدێرندا؛ دەلیلیش ئەو دەیە پڕ لە توندوتیژیەی ڕابووردووە کە بە هۆیەوە جەنگی بازرگانی و جەنگی وێرانکارانەی سەرمایەداری و ناکۆکیە چینایەتیەکان و کۆچ کردنی بە کۆمەڵ و هەژاری و بێکاری و هتد، تیایا فراوان بوو. ئێستا ڕوونە قەیرانی داهاتوو نزیکە لێمانەوەو ڕێگاخۆشکەریشە بۆ پێکاکێشانێکی گەورەتری سەربازی و فراوانتری چینایەتی لە جیهاندا، پەیوەندیە ناوخۆییەکانی جیهانیش، وەک پێویست یەک ئاراستەی ئینترناسیۆنالیستی دەدەنە هەموو بزووتنەوە لۆکاڵی و هەرێمایەتیەکان. ناکۆکیە لۆکاڵیەکان هەر تەنها ئاوێنەی پێکاکێشانە گلۆباڵیەکانن، ئەگەرچی گەلێ لە تایەفە سۆشیالیستیەکان لە عێراق و ئێراندا، هەروەک لە هەموو جیهانیشدا، لەسەر بنەمای ئاستێکی پچڕ پچڕو گەشەنەسەندووی تێکۆشانی چینایەتی لە هەر ووڵاتێکدا بۆ خۆی، دەرئەنجامی جیاواز جیاواز وەردەگرن و پرنسیپە گروپچێتیەکانی خۆیان دادەنێن و هەوڵدەدەن هەموو بزووتنەوەکە بخەنە قاڵبی هەر تیۆریەک یان ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتیەوە کە چارەسەرێکی لۆکاڵی بۆ قەیرانێکی گلۆباڵی پێشنیار دەکات. دەرئەنجامەکانیشیان تێپەڕی ناکۆکیەکانی نێوان کرێی کارو قازانج ناکات. ئەمەیش واقیعی ترین هۆکاری مانەوەیانە لە هەمان ئاسۆی (ئابووریی سیاسی) دا کە لە پەتا گلۆباڵیەکانی ئێستادا هیچ نابینێت، کەمی سەرچاوەکان نەبێت. ڕەخنەی ئەمانە لە کۆمەڵگای سەرمایەداری، لە ڕەخنەی ئەو ڕێکخراوە مرۆیی و ناحکومیەکانە تێپەڕ ناکات کە لە عێراق و ئێراندا چالاکن: مافی مرۆڤ، یەکسانی نێوان ژن و پیاو، پرسی ژینگە، ناکۆکی نێوان ئاین و سیکۆلاریزم، هتد. محوەری ناوەندیی ئەم قوتابخانە سۆشیالیستیە، گەشەدانە بەو سەرچاوە مرۆیی و تەکنۆلۆژی و داراییانەی گوایە لە ڕێگای کاری بەرهەمهێنان و نەخشەو کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە وەدی دەهێنرێن. ئەمەیش هەمان ئەفسانەی سۆشیالیزمی ناسیۆنالیستیە کە لەڕووی تیۆریەوە، درێژبوونەوەو گەشەی سروشتیی ئابووریی سیاسیە: کەمی سەرچاوەکان!
بە پێچەوانەی تێبینیی ئەم قوتابخانە سۆشیالیستیەوە، سروشتی وێرانکارانەی هێزەکانی بەرهەمهێنانی ئێستا کە لە قەیرانە گلۆباڵیە ناوبەناوەکاندا دەردەکەوێت، دەلیلێکی ڕوونە لە زێدەی بەرهەمهێنانی ڕەها نەک لە کەمی سەرچاوە پێویستەکاندا. ئەم قەیرانە گلۆباڵیە، جووڵێنەری هەموو ناکۆکیەکانە لە نێوان ڕکابەرەکانی نێو بازاڕی جیهانیدا: تورکیا، سوریا، سعودیە، یەمەن، ئێران، ئەمریکا، ڕووسیا، لیبیا، ئەمە هەروەک چۆن جووڵێنەری هەموو پێکاکێشانێکی نێوان چینە ناکۆکەکانە لە هەموو جیهاندا: لوبنان، فەرەنسا، عێراق، ئێران، هۆنگ کۆنگ، شیلی، هتد. ئەم پێکاکێشانانە ئەو ڕووداوە سەرەکیانەن کە تەواوی ناکۆکیە هاوچەرخەکان لە خۆیاندا کورت دەکەنەوە، ئەو ڕووداوانەی لە پشتیانەوە، خەباتی چینایەتی، زیاترو زیاتر، فۆرمێکی ئینترناسیۆنالیستی وەردەگرێت. خەباتە چینایەتیە پچڕ پچڕەکان ڕاپەڕینیان لێدەکەوێتەو؛ پێکاکێشانە وەختیەکان وەردەگەڕێن بۆ یاخی بوونی بەردەوام. ئەمەیش بەهێزترین خاڵی بزووتنەوەی ئینترناسیۆنالیستیی پرۆلێتاریایە؛ گەرچی تا ئێستایش ئەو بزووتنەوەیە، لاوازیەکی تایبەتیی پێوەدیارە؛ ئەویش پێویستییەتی بە یەکێتیەکی هەمیشەیی کە وەک ئۆرگانێکی شۆڕشگێر خزمەت بە پرۆلێتاریا دەگەیەنێت بۆ گەشەدان بە بزووتنەوە ئینترناسیۆنالیستیەکەی.
هەر بەو جۆرە، پرسی مێژوویی پرۆلێتاریا، نە کەمیی سەرچاوەکانەو نە گەشەی ئابووریی نیشتمانیە، ئەمە داخوازیی ئەو چەپانەیە کە بەدوای شوێنپێکانی برجوازیەتی لیبرالیستیەوەن. بە پێچەوانەی ئەم وەهمەیشەوە، گەشەی ڕاستەقینەی پرۆلێتاریا، ڕێکخستنی ژمارە زۆرەکەی خەباتە لۆکاڵیەکانە لە بزووتنەوەیەکی یەکگرتوودا لەسەر ئاستی نیشتمانی و ئینترناسیۆنالیستی: کۆمیتە کرێکاریەکان؛ کە ئۆرگانێکە بۆ هاوکاریی چینایەتی و دەرئەنجامی ماوە درێژەکانی قەیرانەکان و شەڕی هاوبەش دژی برجوازیەت و جەمسەرگیریی چینایەتیە. ئەمە یەکەمین هەنگاوی پرۆلێتاریایە بۆ ڕێکخستنی خۆی وەک چینێک. بۆیە تاکە کەموکوڕیەک سەبارەت بە پرۆلێتاریا، ڕێکخراوێکی چینایەتیە کە لە جەمسەرگیریی چینایەتیەوە سەرهەڵدەدات.
هەر بەو پێیە، پرسەکە دەربارەی دادپەروەریەکی زیاتر نیە لە دابەش کردنی سامانی نیشتمانیدا لە نێوان دەوڵەمەندو هەژاراندا، بەڵکو دەربارەی پرۆلێتاریایەکی هۆمۆجینیە کە لە ڕێگای خەباتی چینایەتی بەردەوامی پرۆلێتاریاوە لەسەر هەردوو ئاستی نیشتمانی و ئینترناسیۆنالیستی، دەبێتە ڕاستیەکی مێژوویی. پرسەکە دۆزینەوەی چارەسەرێکی زانستی نیە بۆ گەشەدان بە سەرچاوەکان و ژیاندنەوەی ئابووریی نیشتمانی لە پێناوی چینێکی هەژاردا. کۆمەڵگای جیهانی خاوەنی هەموو سەرچاوەیەکی پێویستە، بەڵام گەشەی سەرچاوەکان لە ناو سیستمی ڕکابەریی سەرمایەداریدا، بەرەو هەرەسێکی ئێکۆلۆژی یەکجارەکیمان دەبات لە جیهاندا، جیهانێک کە هەموومان تیایا هاوڵاتیەکی گلۆباڵین، ئیتر زمانەکەمان هەرچی بێت، هەموومان ڕووبەڕووی هەمان کێشە گلۆباڵیەکان دەبینەوە، شوێنەکەمان هەر کوێیەک بێت. گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی، هەروەک سست بوونە ئابووریە گلۆباڵیەکان و ناهاوسەنگی ئابووریی، هەژاری، میلیتاریزەیشن و جەنگەکان، بەبێ جیاوازی لە نێو ووڵاتاندا، کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەیەکی گلۆباڵی جێدەهێڵن. هەر ئەمەیش بەسە بۆ ئەوەی دان بە سەرمایەدارییدا بنێین وەک سیستمێکی گلۆباڵی کە وەک پێویست، ئامانجی پرۆلێتاریا دەکاتە گلۆباڵی نەک لە چوارچێوەیەکی لۆکاڵیدا بەندی بکات. ئەوە ڕێکەوت نیە کۆمەڵگای مرۆیی دەببینین، تا دێت دابەش دەبێت بە دوو ئۆردوگای دژ بە یەک: ئۆردوگای برجوازیەت کە لایەنی محافیزکاری کۆمەڵگایەو ئۆردوگای پرۆلێتاریا کە لایەنی ڕووخێنەرە. برجوازیەت و دەوڵەتەکەی لە هەموو شوێنێک سەر بە ئۆردووگای یەکەمن و سۆشیالیستەکانیش دەبێت لە هەموو شوێنێک سەر بە ئۆردووگای دووهەم بن.
هەر بەوجۆرە، هەمان مەرجی مێژوویی لەگەڵ هەمان ناکۆکی چینایەتیدا لە هەموو شوینێک، بووە بناغەی سەرهەڵدانی چەندان گروپی سۆشیالیستی لە هەموو شوێنێک کە ڕووبەڕووی هەمان بارودۆخ و هەمان ڕێگر دەبنەوە. بۆیە پرسەکە ئەوەیە ئەرکەکانی ئێستای سۆشیالیستەکان چیە. ئەوان چۆن دەتوانن بەسەر ئەو ڕێگرییانەدا سەربکەون؟ چۆن لەنێو ئۆردووگای ئینترناسیۆنالیستیی پرۆلێتاریادا دەجووڵێنەوەو چالاکیەکانیان ڕێکدەخەن؟
کۆمێنت