حیکمەت هەلەبجەیی
ئەوەی ڕون و ئاشکرایە، هەرچی کێشەو دەردو نەخۆشی و ڤایرۆس هەیە، لەم سیستەمە جیهانیەوە سەرچاوەی گرتوە. بەمەش مەبەستمان ئەوە نیە بڵێین، ئەمانە دروستکراون، بەڵکو ئەمانەوێت بڵێین: هەرچی ڤایرۆس و میکرۆب و ماتریالی زیانبەخش و مەترسیدارە، لە پێشدا وەک گەردیلەو ئۆرگانیزمە ووردەکان، لە سروشتدا ئەدۆزرێنەوە. بەڵام گەر سەرنج بدەین، بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، نەبینراوەو نەبیستراوە، بونی ئەمانە، ئەو کاریگەریە کۆمەڵایەتیە گەورەو مەترسیدارو بەربڵاوە جێبهێڵن لەسەر جیهان کە ئەمڕۆ دەبینرێت، هەر لەبەر ئەوە ڤایرۆسی کۆرۆناش، وەک گەلێکی تر لە ڤایرۆسەکان، بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی ئەم سیستەمە ئابوریە جیهانیە دەناسرێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ، بەستراوە بە شێوازی بەرهەمهێنانی ئەم تەرزەوە لە ئابووری. واتە ئەمە باران نیە لەئاسمانەوە دابارێت، داهێنان و دۆزینەوەی فڵان زانا نیەوە، هەروەک چۆن ئەفسانە و موعجزەش نیە . . ئەمەش هەر ڤایرۆس ناگرێتەوە، بەڵکو جەنگەکان، داکەوتنی برسێتی، هتد، هەر بەرهەمی هەمان ئەو سیستمە جیهانیەیە کە ئەمڕۆ سەروەری گۆی زەویە. بڕواننە قەیران، دەبینن ئەمە لە جەستەو ڕۆحی ئەم سیستەمەوە چەکەرەی کردوە، هەر قەیرانیش ئەم سیستەمەی نەخۆش خستووەو ناچار بووە بەردەوام، بەڵام بێهودە، بەدوای چاکسازیدا بگەرێت وەک چارەسەر. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەو قەیرانانەدا، ئیتر ئاستی دەردوکێشە کۆمەڵایەتیەکانیش ڕوو لە زیاد بونن. بە واتا، قەیرانە ئابوریەکان هەر کێشەی نەبونی و هەژاری و برسێتی بەکێش ناکەن، بەڵکو هۆکارن بۆ خولقاندنی هەموو ڤایرۆس و نەخۆشی و دەردەردە کۆمەڵایەتیە هەمەجۆرەکانیش .. ڕۆژ بەڕۆژیش ئەو ڕاستیە، لای هەموان ڕون ئەبێتەوە کە ئەم ڤایرۆسانە لە خۆیانەوە هار نابن. ئەوە ئەم سیستەمە نەخۆشەیە هەمو جۆرە ڤایرۆس و نەخۆشیەک، هەموو دەردێک وەک دەردی قەیرانەکان، ئەکاتە دیاری بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
لە ڕاستیدا بە ئاستی چەق بەستوویی بەردەوامی قەیرانەکان کە بەرهەمی ڕەوت و گەشەو پێشکەوتنی خودی سیستەمەکە خۆیەتی، سیستمێک کە سەربەخۆ لە ئیرادەی تاک دەجووڵێت و مەینەتی بڵاودەکاتەوە، لە هەمان کاتدا هۆکاری ڕودانی هەمو دیاردەو ڕوداوو نەۆخۆشی و ڤایرۆسەکانیشە، هەمویان لە ناوجەرگەی ئەم سیستەمە سەقەت و نەخۆشەوە سەر هەڵئەدەن. ئەمەیش لە ئەمڕۆدا گەیشتۆتە ئاستێک کە زانایان خۆیان، بەردەوام ئاگاداریی دەنێرن بۆ حکومەتەکان سەبارەت بە وێرانکردنی ژینگە کە خەریکە بە تەواوی لە کۆنترۆڵ دەرئەچێت، کە هەموو شتێک لە سروشدا بۆتە تۆپەڵێک ژەهری کوشندە، بە ئاستێک کە خەریکە هەناسە لە زەوی دەبڕێت. ئەم دەستکاری کردنەی سروشت، چەندان جۆری کارەساتی سرشتی لێدەکەوێتەوە، ئیتر هەر لە باوبۆرانەوە تا بە ڤایرۆسی کوشندە دەگات. سەرباری هەموو ئەم کارەساتانە، هەتا ئێستا ئاستی مێژوو، ئەو راستیەی یەکلا نەکردۆتەوە کە هۆکاری هەمو نەخۆشیە کۆمەڵایەتیەکان و هەروەها هەژاری و برسێتی و جەنگ و ماڵوێرانی و دەربەدریە کە هەر هەموی لە ئەستۆی ئەم سیستەمە گەندەڵە جیهانیەدایە کە بەرژەوەندیەکی چینایەتی کۆی کردۆتەوە نەک بەژەوەندیەکی ئینسانی. لەڕێگای مدیاو بانگەوازە سیاسیەکانیشەوە توانیویەتی لەف و دەوران و فرۆ فێڵی تیا بکات. وە لە ڕێگای ئایدیۆلۆژیاکانیەوە، توانیویەتی پەردە پۆشی هەمو دەردو کێشەکان بکات و خۆیشی بەخاوەنیان نەزانێت، وە وای نیشان بدات ئەمانە هەمووی، لەدەرەوەی سیستمی بەرهەمهێنانی رکابەریدایە، لە دەرەوەی ئەو قەیرانانەدایە کە هەر خۆیان ڤایرۆسن، ئەمە هەروەک چۆن زۆرجار خەتاو هۆکارەکان ئەخاتە ئەستۆی وشکەساڵی و یاساکانی سروشت. ئەمە لەکاتێکا هۆکارەکە ئەوەیە کە ئەم سیستمە، زۆر شێتانەو بێ گوێدانە دەرئەنجامی مەترسیداری پیشەسازی و چەکەکانی، دەستی لە کاری سروشتداوەو ئەوەی ئێستا ڕوو ئەدات پەرچەکردارێکە لە سروشتەوە، ئەم سیستەمە یاسا سروشتی و گۆرانکاریە سروشتیەکانیشی لەخزمەتی مانەوەو گەشە سەندن و بەرەوپێشچونی سەرمایەو سامانی تاکەکەسیدا بەکارهێناوە، ئەو سامانەی بۆتە دەردو مەینەتی بۆ مرۆڤایەتی بە زیاد کردنی ئەو بەرهەمە پیشەسازیانەی ژەهرو کاربۆن و دوکەڵی مەترسیدار دەکەن بە ئاسمانداو تەنانەت دەرەوەی زەوییش بۆگەن پێئەکەن. بۆیە هەرگیز جێی سەرسووڕمان نیە ئەمڕۆ، ڤایرۆسێکی کوشندەی وەک کۆرۆنا، ترس و دڵەڕاوکێ لە تەواوی سەرزەمیندا بڵابکاتەوە، ئەوەش نیشانەیە بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێک ئەم سیستەمە بونی هەبێت، لەو شوێنە مۆرو جێ پەنجەی خۆی دیاری کردوە. ئەم سیستەمە سیستەمێکی تینوی قازانجە. وە هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لەسەر نەهجێکی دارێژراوی تیۆری و ئایدیۆلۆژی بەڕێ ناکرێت، بەڵکو پێکهاتەیەکە لە کۆمەڵێک یاسای بازارو بەرهەم هێنان، لە سەروویانەوە یاسای رکابەری کە حوکم لەسەر هەموو جیهان ئەکات. وە هەر ئەم ڕکابەریەش ئەبێتە داوی جۆراوجۆرو زۆرجاریش خۆی بەدەست خۆیەوە گیر ئەخوات، وە لەگەڵ هەموو هەوڵێکدا، زیانێکی ماددی گەورەی بەرئەکەوێ، ئا لەو زیانەدا، هەریەکە ئەیەوێت، وەک یاسای دارستان، خۆی لە لەناوچوون بپارێزێت و زیانەکانی بدات بەسەر ئەوانی تردا. لەو شەڕی ڕکابەریەدا، ئەوەی زەرەرەومەندە، هەرە هەژارەکانی ئەم جیهانەن کە دەکەونە نێو تۆڕی بەڵاکانی سەرمایەداریەوەو هەر ئەوانیش ئەبنە سوتەمەنی سیستەمەکە. ئەمەیش هەمووی لە پێناوی بەرز ڕاگرتنی قازانجدا. گرنگ بۆ سەرمایە، باڵانس و پارسەنگی ئیداریی سیستمە نەخۆشەکەیەتی، ئیتر با مرۆڤایەتی گیرۆدەی دەستی دەیان دەردو نەخۆشی و نەهامەتی و جەنگ و برسێتی ببێت. سەرمایە ڕێبازی خۆی ناگۆڕێت ئەگەر هەموو هەژارانی دنیا بکات بەژێر خۆڵی خانۆچکە داڕووخاوەکانیانەوە لە جەنگدا، ئیتر ئەو جەنگە سیاسی و ئابووری بێت یان بایۆلۆژی. نەهجێکی نوسراوی تیۆری نیە سەرمایەداری جیهانی لەسەری بڕوات وەک دەقی پیرۆز، بەڵکو بازارو بەرهەمهێنان لە ڕێگای یاسای خستنەڕوو داخوازیەوە، یاسای رکابەری، مەنهەجی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریە. هەمو جەنگ و پێکاکێشان و ڤایرۆس و نەخۆشی و نەهامەتیش، خۆراکی بەکردەوەی ئەم سیستەمەیە، وە زۆر ئاسانیش ئەتوانێت بە هۆی میدیاکانیەوە، دەیان هەواڵی درۆو چەواشەکار بڵاوبکاتەوە. ئەم شەڕەیش لەگەڵ هەموو مرۆڤایەتیە، مرۆڤایەتییش ئەو ژمارە ئێجگار زۆرەیە لە پرۆلیتاریەکان کە بە ملیاردیان لێ بێکارو هەژارو برسی و دەربەدەر کراوە. هەر بۆیە تەنها هەڵوێستی شۆڕشگێرانەی ئەم چینە ئەتوانێت ئاراستەی وێرانکارانەی ئەم سیستمە بگۆڕێت. ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێریەیشی لەم دەیەیەی دواییدا بە جیهاندا دەسووڕایەوە، کەوتە بەر هێرشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئیتر گرنگ نیە نیشتمانی ئەو ڤایرۆسە کوێیە، دەستکردە یان سروشتی، گرنگ ئەوەیە ئەو ڤایرۆسە بەرهەمی ئەم سیستمەیەو دەیان جاری تریش بە شێوەی جۆراوجۆر دێتەوە ناو مرۆڤایەتی هەتا ئەم سیستمە سەروەری جیهان بێت. نەمانی ئەو سیستمەیش، سیستمی بەرهەمهێنان، بەستراوە بە دوا جەنگی شۆڕشگێرانەی پرۆلیتاریاوە دژی سیستمی بەرهەمێنان و قەیران و دەردە بێ چارەکانی.