ڕێکخراوبوونمان زەمانەتی بەدەستهێنانی ماف و خواستەکانمانەسیاسەتی شکاندنەوەی قەیرانی ئابوری لەسەری خەڵكی کوردستاندا، لەلایەن دەسەڵاتێکەوە کە لەژێر سایەیداو لە دەوروبەری خۆیدا، لە ماوەیەکی کەمدا سەدان ملیۆنێر و ملیاردێری هێناوەتە ئاراوە؛ لە ڕێگەی گروپی کۆمپانیاکانیانەوە کەوتوونەتە بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی ئەم وڵاتە. ئەمڕۆ بژێوی ژیانی ئێمە و خانەوادە و مناڵەکانمان بۆتە بەشێک لە سات و سەودا و مامەڵەی نێوان ئەو دوو دەسەڵاتەی کە خەڵکی کوردستان و عێڕاقیان خستۆتە ناو هەلومەرجێکی تڕاژیادیاییەوە. نە دەسەڵاتی هەرێم و نە دەسەڵاتی ناوەندی، جێی هیچ جۆرە چاوەڕوانیەک نین، وە بە درێژایی فەرمانڕەوایی هەردوو ئەم دەسەڵاتە، خەڵكی عێڕاق و کوردستان ملیان نەداوە و نەچونەتە ژێرباری قبوڵکردنی سیاسەتەکانیان و هەمیشە لە دەربڕینی ناڕەزایەتیدا بوون بە خۆپێشاندان و مانگرتن، بەڵام خاڵی لاوازی ئەم ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانە، ڕێکخراو نەبوونی خۆمانە. وە لە کاتێکدا هاتووینەتە مەیدان بەدژی ئەوەی کە ژیان و بژێوی خانەوادە و مناڵەکانمان نەکرێتە بارمتەی کێشمەکێشی نێوان دوو دەسەڵاتی دژە خەڵکی، لە هەمانکاتیشدا پێدادەگرینەوە لەسەر مافی ڕەوای خۆمان بۆ هێنانەدی ڕێکخراوێکی سەربەخۆ لە کەرتی کارەبا، دوور لە دەستێوەردانی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی، هەروەک لە ئێستادا لە سەندیکا و ڕێکخراوەکانی سەر بە دەسەڵات و حزبەکانیانیادا دەیبینین. ئەو سەندیکا و ڕێکخراوانە نەک هەر نوێنەری خواست و بەرژەوەندیەکانی کارمەندان و کرێکاران نین، بەڵکو ئامڕازی بێدەنگ کردن و خامۆش کردنی ناڕەزایەتیەکان و جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی دەسەڵات و حزبەکانیانن بەدژی خواست و بەرژەوەندیەکانمان. ئێمە هەر لێرەدا ڕای دەگەێنین، بۆ بەرگری لە ماف و خواستەکانمان دەستبەجێ دەستبەکار دەبین بۆ هێنانەدی ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کارمەندان و کرێکارانی کەرتی کارەبا و دەسەڵاتیش ئاگادار دەکەینەوە ئەگەر وەڵام بە خواستە ڕەواکانمان لە دابینکردنی موچەکان بەبێ پاشەكەوت نەداتەوە، ئەوا هەنگاوی تر دەگرینەبەر بۆ بەردەوامیدان بە ناڕەزاتەتیەکانمان. دەستەی سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی کارمەندان و کرێکارانی کارەبا ٢٣ / ٣/ ٢٠١٨ |
لە سۆڵیداریتی چینایەتیەوە بەرەو گرتنەدەستی ئیدارە ناوخۆییەکان
سەرلەنوێ ناوچەکە بەخۆیدا دەچێتەوە، داخوازیەکان دەگۆڕدرێن. ئێران بە یەکڕیزی، بەرزەپێ هەڵدەسێتەوە. کوردستان یەکڕیز دەبێت و هەولێرو هەڵەبجەو سلێمانی و دهۆک و شارو شارۆچکەکانی تر، وەک لافاو، دەڕێژنە سەرشەقامەکان. بەڵام هەموو دەرس و تاقیکردنەوەکانی پێشووتر، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن: هەموو هەوڵێک شکست خواردووە، ئەگەر (بزووتنەوەی سۆڵیداریتی) نەبێتە واقیع و بەرنامەیەکی هاوبەش، بەرژەوەندیە هاوبەشەکان لەو بزووتنەوەیەدا کۆنەکاتەوە. ئەوە هەر خەیاڵە بەیانیان شەقامەکان بشڵەقێنرێت و ئێواران خامۆش ببنەوە. ئەوە هەر خەیاڵە مێتودی خەبات نەگۆڕدرێت و دەسەڵات لەبەردەم ئیرادەی جەماوەری چەوساوەدا بێتە سەرچۆک. ئەوە هەر خەیاڵە پەلاماری بەرژەوەندیە ڕاستەوخۆکانی دەسەڵاتداران نەدرێت و چاوەڕێ بن ئەوان بە ئاسانی جێگا بۆ هێزێکی پرۆلێتاری چۆڵ بکەن. سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوەیە مەحاڵە، بە هێزی یەکگرتووی خودی چینی چەوساوە نەبێت لە ڕێکخراوێکی جەماوەریدا کە هاریکاری دەکاتە پرنسیپی جموجووڵەکانی و بە مەعریفەوە بەرهەڵستی هێزە ڕێکخراوەکەی دەسەڵات دەکات.
هێز لە سۆڵیداریتیدایە مامۆستایان و کارمەندانی هەولێرو دهۆکیش ڕژانە شەقامەکانەوەسەرباری ئەوەی هێزە پۆلیسیەکانی دەسەڵات، پشتێنەیەكی ئەمنیان دروستكردبوو بۆ بڵاوە نەکردنی خۆپیشاندانەکان و نزیک نەبوونەوەی خۆپیشاندەران لە دوو ئەنجوومەنە گەندەڵەکەی پەرلەمان و وەزیران، خۆپیشاندەران سنووری ئەو پشتێنە ئەمنیەیان شكاندو هێزە پۆلیسیەکانیان ناچار کرد بە بەکارهێنانی بۆمبای دەنگی و گازی فرمێسكڕێژو چەندان کەسێکیش لە خۆپیشاندەران برینداربوون. بەپرسی دەستەی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانی دهۆکیش رایدەگەیەنێت، نامانەوێت هیچ کاندێکی پەرلەمان و کەسانی سیاسی سەر بە حیزبەکان بێنە ناو خۆپیشاندانەکەمانەوە، ئەوانن ئێمەیان تووشی ئەم هەموو نەهامەتیە کردووە. |