دەستێوەردانی دەوڵەت لە هەموو کاروبارێک و بەستنەوەی هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی و هەڵسوکەوتی تاکەکانی کۆمەڵ بە بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەتەوە، خۆی لەخۆیدا ڕێگا خۆشکەری تاوانە.
تاوان دیاردەیەکی نامۆ نیە بە کۆمەڵ. بە ڕوونی، تاوان دیاردە هەرە ئاشکراکەی بوونی کۆمەڵایەتیەو دەوڵەت بەرهەمیان ئەهێنێ، دەوڵەت زەمینەکەیەتی. دیاردەکان بەرهەمی بەرژەوەندیە جیاوازەکانن، دەوڵەتیش بە یاساو بە دەستوورە سیاسیەکانیەوە، رێکخەرو بەڕێوەبەری ئەو بەرژەوەندیانەیە. هەر لەبەر ئەوەیشە، زەبروزەنگ و دەستەڵات و یاساکانی دەوڵەت لەو بەڕێوەبردنەدا، هەرگیز بەزەیی نازانن و ناتوانن بە سۆزو ویژدانەوە، بڕواننە هیچ کارو کاردانەوەیەکی زۆرینەی کۆمەڵ کە دەوڵەت بە ڕێگریان دائەنێت لە بەردەم پراکتیزەکردنی یاساکانیدا.
بە زمانی دەوڵەت: هەموو کەس لەبەردەم یاسادا یەکسانە! کام یەکسانیە؟ ئەو یەکسانیەی کە یاساکانی دەوڵەت خۆیان سنووربەندی ئەکەن؛ لە هەناوی دەوڵەت خۆیەوە دروست ئەبن، لەناو ڕەحمی سیاسیی دەوڵەتەوە دێنە دەرەوە نەک لە پێویستی و ویست و حەزو ئارەزووی زۆرینەی کۆمەڵەوە.
نوسەرو ڕۆشنبیرە بۆرژوازیەکان؛ تاوان وەک هەموو دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی تر، لە دەوڵەت دائەبڕن، ئەمە وەک ئەوەی تاوان لەئاسمان و لەدەرەوەی ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکانەوە هاتبێ. لەڕاستیدا ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکان و پاڵپشتە کۆمەڵایەتیەکەی کە دەوڵەتە، هۆکارن بۆ ئەم هەموو تاوان و کێشە کۆمەڵایەتیانە. جیاوازی و ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکانن، ئەم ڕێکخراوە زەبەلاحەی دەوڵەتیان دروستکردوەو لەگەڵ خۆیانا هێناویانەتە بوون. دەوڵەتیش سەرچاوەی یاساو دەستوورە سەپێنراوەکان و جێبەجێ کردنیشیانە بۆ مانەوەی ئەو جیاوازیانە. دەوڵەت بە یاساو دەستوور، هەموو بەها مرۆییەکان، لە بۆتەی ئەو یاسا دروستکراوە خوازیارانەدا ئەتوێنێتەوە کە هیچی گوێ بۆ خواست و ئارەزووی کۆمەڵ و ئەندامەکانی شل ناکات، لەخواست و ئارەزووی زۆرینەوە دروست نەبووە، لە پێداویستیەکانەوە هەڵنەقوڵاوە. بەم شیکردنەوەیەش دەگەینە ئەوەی، تاوان و حوکمە یاسایی و دەستوریەکان، لە هەمان پەیوەندیی کۆمەڵایەتیەوە سەرچاوە ئەگرێت کە دەوڵەت وەک دەستەڵاتێکی سەروەر، ئەیسەپێنێ بەسەر خەڵکداو سنووری چالاکیەکانی زۆرینەی پێ دیاری ئەکات. واتە دەوڵەت هێزێکی هەڵواسراوی سەروو کۆمەڵە، وە هەمیشە کار بۆ ملکەچ پێکردنی خەڵک ئەکات لە بەردەم ئیرادەی ئەو حوکم و یاسایانەی لەڕاستیدا خۆیان ئەبنە خوڵقێنەری تاوانکاری، ئەمە هەر بە بەستنەوەی ژیانی خەڵکیەوە بە دەوڵەت و دامودەزگاکانیەوە کە هیچ نیە سنووربەند کردنی ئازادیە مرۆییەکان نەبێت. دەوڵەت، یاسا ئەکاتە ڕێگری تاوان، ئەمە لەکاتێکا هیچ تاوانێک؛ لە ڕێگری کردن لە ئازادیە مرۆییەکان گەورەتر نیە. حوکمی سەپێنراو بۆ جێبەجێ کردنی یاسا، هەرگیز ناتوانێ یەکسانی یاسایی دروست بکات. یاسا خۆی پارێزەری نایەکسانیە. ئا ئەمەیە هەمیشەو هەموو کات، دەبێتە بابەتی مشتومڕو دژایەتی یاساو دەستوور لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵەوە. ئەوە تاوانکاریەکانی دەوڵەت خۆیەتی هەموو تاوانە کۆمەڵایەتیەکانی تریشی لێ ئەکەوێتەوە. سەیر لەوەدایە ئەو یاسایانەی خۆیان لە خۆیاندا تاوانن و دژایەتی کۆمەڵ ئەکەن، دەوڵەت ئەیانکاتە سەنەدو پێوەر بۆ دادگایی کردنی خەڵکی لەسەر تاوان. وە وای نیشان ئەدات گوایە ئەوە خەڵکە پێچەوانەی یاسا ئەجووڵێنەوە نەک یاسا پێچەوانەی خەڵک بجووڵێتەوە. بە مەرجێک ئەو یاسایانەی دەوڵەت تەنها دەربڕی خواست و ئیرادەو دەستەڵاتی تاوانکاریی دەوڵەت خۆیەتی و هەر خۆیشی بڕیاردەری ئەو تاوانەیە.
هەتا دەوڵەت پێویستیی ڕێکخستنی کۆمەڵ بێت، تاوان پێویستیی ژیانی کۆمەڵایەتیە. دەوڵەتیش پێویستیی نیە، بەڵکو هێزێکی سەپێنراوە بەسەر کۆمەڵدا بۆ پاراستنی تاوانکاری.