حیکمەت هەڵەبجەیی
لە هەموو سەردەمێکدا دەستەڵات، تواناو هێزی ئابووری و سیاسی و فکریی چینێکی باڵا دەست بووە. ئەو چینە لەم سەردەمە مۆدێرنەماندا، سەرمایەدارانن. ئەو چینەیش هەمیشەو لە هەموو چەرخێکدا، بەهۆی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە، ئیرادەی خۆیی سەپاندووە بەسەر زۆرینەی کۆمەڵدا. دەسەڵاتی دەوڵەت لە دروست بوونی چینەکانەوە سەریهەڵداوەو هەر بەو هۆکارە مێژووییەش، وەک دامودەزگای بەڕێوەبەرو ڕێکخەر، بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی کۆمەڵگاو بگرە هەموو پەیوەندیە بنچینەییەکانی ئەم کۆمەڵگایەی بەستووە بە بوونی خۆیەوەو بۆتە ناوەندی بریار بەسەر کۆمەڵدا. واتە لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵ دابەش بووە بە دوو بەرە، دوو چین، بەڵام دەسەڵاتی دەوڵەت، هەموو شتێک هەر یەک لایەنە ئەبینێت. چین بوونی نیە لە دەوڵەتدا، بەرژەوەندیی جیاواز جێی نابێتەوە لە کۆمەڵگای دەوڵەتدا. هەر بەو جۆرە، سەروەرێتی یەک لایەنەیەو حوکمێکی سەپێنراوە بەسەر هەمو پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکاندا، سەروەرێتیەکە لە دەوڵەتدا بەرجەستە بووە، ئیتر با هەموو ڕۆژێکیش، دەیانجار بقیژێنن بە گوێمانداو بڵێن دەوڵەت بەرژەوەندیی هاوبەشی هەموانە. ئەو خەباتە بێ ووچان و بەردەوامەی زۆرینەش کە هەمیشە ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتدا، شاهیدی ئەوەیە کە دەوڵەت بەرژەوەندیی چینی باڵادەست دەپارێزێت نەک هەموان. کۆششە شۆڕشگێریەکانی ئەو زۆرینەیەش گەلێجار لە مێژوودا، گەیشتۆتە ئاستی بنەبڕ کردنی دەسەڵاتی دەوڵەت. چاکترین نموونەی مێژوویی، شۆڕشی کۆمۆنەی ۱۸۷۱ بوو کە وەک بروسکەیەک، مەنهەجی مێژوویی ئەو زۆرینەیەی نیشانداوە کە بریتیە لە سڕینەوەو خاپوور کردنی عەرشی دەسەڵات. ئەم هەوڵە مێژوییە تاکە هەوڵێک نەبووە لە مێژوودا. زیندووکردنەوەی ئەو هەوڵە لە شۆڕشەکانی ڕووسیا ١٩٠٥ و ١٩١٧، ئەڵمانیا ١٩١٨، هەنگاریا ١٩٥٦، پۆلۆنیا ١٩٨٠ دووبارە بۆتەوە. ئەو مێژووە ئەوەشمان لە لا زیندوو ئەکاتەوە کە:
یەکەم: بزووتنەوەی پرۆلیتاریا ئەبێت ئەو نەرێتە شۆڕشگێریە دووبارە بکاتەوە، دووبارەبوونەوەشی، فروانتر بوونی دەخوازێت. وە هەتا سەرمایە مابێت، گەڕانەوەش بۆ ژیانێکی کۆمۆنی، بەشی هەرە گرنگی پرۆگرامە مێژووییەکەی پرۆلیتاریا ئەبێت.
دووهەم: هەر خودی ئەو بزووتنەوە مێژووییە ئەوەش ڕوون ئەکاتەوە، شۆڕشی کۆمۆنە حەزو ویستی ئەدیبان و زانایان و فەیلەسوفان نەبوو، حیزب و بیرمەند لەپشتی رووداوەکەوە نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکاری مێژوویی، خولقێنەری بوو، قوربانیدانی ۱٠٠٠٠٠ کارگەر کە گەورەترین گۆڕستانیان لە پاریسدا دروست کرد، چاکترین دەلیلی مێژووییە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەی ئەوە کارگەرانن موعجیزەی مێژوویی دەخوڵقێنن نەک بلانکی یان مارکس یان پرۆدۆن یان باکۆنین.
ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت یادی بخەینەوە کۆمۆنە نیە، ئەوە بابەتێکی مێژووییەو هەموان توانای پیاچوونەوەیان هەیە لەسەری. باسەکەی ئێمە دەسەڵاتی دەوڵەتە لە هەموو قۆناخە جیاجیاکانی کۆمەڵدا لە کۆیلایەتی فیوداڵیەوە تا دەوڵەتە مۆدێرنەکەی بۆرژوا لە ئەمڕۆدا .هەموو جۆرێکی دەوڵەت، بە خەلیفەو شازادەو سوڵتان و پادشاو ئیمپراتۆرو سەرەککۆمارەوە؛ یەک سروشتیان هەبووە، چەوساندنەوە. ئەمانەش بە هەر شێوەیەک هاتبێتنە سەر تەختی دەسەڵات، بە خوێنی خەڵکی شۆرشگێر، وەک گۆڕینی قەیسەر بە لینین، مەلیک بە قاسم، شاهەنشا بە خومەینی، یان بە پیلان و فرت و فێڵی سیاسی، وەک گۆڕینی عەبدولڕەحمان عارف بە سەدام، یان بە دیموکراسیەت، وەک گۆڕینی گۆرباتشۆف بە بۆتین، ئۆباما بە ترەمپ، هیچ نەبووە گۆڕینی فۆرمی سیاسی دەوڵەت و گۆڕینی عەمر نەبێت بە زەید. واتە ئەم گۆڕانکاریە سیاسیانە، هەرگیز بە لەناوچوونی دەسەڵات ئەژمار ناکرێ. وە ئەگەر لە دیدی ماتریالیزمی مێژووییەوە، تیشکمان خستە سەر دەسەڵاتی دەوڵەت، ئەوا ئەبێت هەر بگەڕێینەوە سەر خاوەندارێتی تایبەتی کە دەسەڵاتی لێوە لە دایک بووە. خاوەندارێتی تایبەتی، مەرجی بوونی دەسەڵاتە، مەرجی بوونی چینێکی باڵادەستە. هەر لەم روانگەیەشەوە دەگەینە ئەوەی: چینی پرۆلیتاریا خەبات ناکات بۆ سەندنی حوکم، بەڵکو خەبات ئەکات بۆ تێکوپێک شکاندنی دەسەڵات لەڕێگای لێسەندنەوەی دەسەڵات لە چینە خاوەن موڵکەکان و گۆڕینی بە بەرێوەبردنێکی کۆمەڵایەتی، ئەو بەڕێوەبەرێتیەی دەسەڵات، بە دەزگای سیاسی و حیزبی ڕێکی ئەخات و ئەیکاتە سەروەری کۆمەڵگا، ئەو دەزگا سیاسی و حیزبیانەی کە هەر خۆیان، سەرچاوەی مشەخۆری و گەندەڵین.
ئێمە هەموو دیاردەو رووداوەکانی کۆمەل، دەبەستینەوە بەو مەرجە مێژوییانەوە کە بوونەتە مەرجی ململانێیەکی بەردەوام لە کۆمەڵدا، ئەو مەرجەی لە پەیوەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا بەرجەستە بووە، ئەو مەرجەی کە هەر خۆی، ڕێگای گەڕانەوە بۆ ژیانی هەرەوەرزی دەستنیشان دەکات، ئەو مەرجەی کە هەموو ڕۆژێک نیشانمان ئەدات، درێژەکێشانی وەک مەرجی مانەوەی دەسەڵات، تادێت قوورسایی سەرشانی کۆمەڵ زیاد ئەکات، وەیلاتی خراپتری لێ ئەکەوێتەوە، وەک جەنگ، هەژاری، برسێتی، بێکاری، وێرانکردنی سروشت، هتد. ئەمانە هیچیان لە ئاسمانەوە نەباریون، بەڵکو هەمووی دەرئەنجامی بوونی سیستمی گەندەڵی سەرمایەداریە. ئیتر با فەیلەسووف و گۆرانیبێژەکانی سەرمایە، ئەمانەو هەموو خراپەکاریەکانی تریش، لە دەرەوەی سیستمی ئابووری و سیستمی سیاسی ( دەسەڵاتی دەوڵەت) ببینن، ئیتر با جارێک خەتای سروشت بگرن و ووشکە ساڵی بکەنە بیانوو بۆ نەبوونی پێداویستیەکانی بژێوی و گرانی و قاتو قڕی، جاریکی تر پیاوچاکان و پیاوخراپان بکەنە نموونەی ئەم هەموو سەرگەردانیە. ئەی ئەوە نیە هەژارانی ئەفریقیا بۆ پاروە نانێک داماون و پیاوچاکان و دیموکراسیە لیبرالیستەکان و سیکۆلارەکانش، ساڵانە، بە ملیۆنان تەن خۆراک فڕێ ئەدەنە دەریاوە بۆ ماسیە بەسەزمان گوناهەکان؟ ئەی ئەوە نیشانەی زۆریی شتومەکی پێویست نیە بۆ ژیان کە لە مەخزەنەکاندا کەڵەکە دەبن بەهۆی بەرتەسک بوونەوەی بازاڕی فرۆشتنەوە کە ڕکابەریی سیستمەکە خۆی لە پشتیەوەیەتی؟ ئەی هەر ئەوە نیشانەی ئاشکرای ئەو قەیرانە دەوریانە نیە کە هەموو پارسەنگیکی ئابوورییان تێکداوەو تەنها شتێک بەدەست سەرمایەداریەوە مابێتەوە بۆ بەڵانس گرتنەوەی ئابوورییە وێرانکارەکەی، جەنگی ڕکابەریە لە پێناوی بەرزکردنەوەی قازانجدا؟ ئەی ئەوە نیە ئیدارەکەی سەرمایەداریی، بۆتە ئیدارەی جەنگ و وێران کردن و دەربەدەرکردن و ئاوارەکردنی ئەو ملیۆنانەی لە زۆریی شتومەکدا برسین نەک لە نەبوونی پێداویستیدا؟ ئەی ئەوە نیە دەسەڵاتی دەوڵتش بۆتە دینەمۆی ئەم هەموو وێرانکاریە لەسەر زەوی؟
بەڵێ تەنها هۆکار، سەرمایەداری و دەسەڵاتی دەوڵەتە. ئەو وێرانکاریەش بەردەوام ئەبێت، ئەگەر چینە شۆڕشگێرەکە هەڵنەسێتە سەرپێ و شەڕی یەکلاکەرەوە بەرپا نەکات، ئیتر با ئابووریزانەکان، هەزاران چارەسەری درۆینە بۆ سەرمایە دابنێن، با چەپیش هەر لە خەونەکانی خۆیا بخولیتەوەو جاریک دەوڵەت سیۆلار بکات و جارێکی تر پەرلەمان بەهێز بکات. هەموو چینە یەک لە دوای یەکەکان، تەنها دەسەڵاتیان بەهێز کردووە. تەنها پرۆلیتاریایە ئەو دەسەڵاتە لە کۆمەڵدا ئەسڕێتەوە، ئەمەش بە گێڕانەوەی بریار بۆ کۆمەڵگایەک کە ژیانی هەرەوەزکاریی تیایا ئەبێتە بنچینەی پەیوەندیە ئینسانیەکان.