حیکمەت هەڵەبجەیی ئاشکرایە شێوە ژیانی کۆمەڵ و هەموو پەیوەندیەکانی، لە هەموو شوێنێک، لەسەر بنچینەی مۆڵکدارێتی تایبەتی وەستاوە. ئەو موڵکدارێتیە لەم سیستمە مۆدێرنەدا، تاکی جیا کردۆتەوە لە کۆ، یاخود تاکی خستۆتە جێگای کۆ. مادەم پەیوەندیە ئابوریەکان؛ شا دەماری پێکهاتەی ئەم سیستمەن، ئەم سیستەمەش، یان ئەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەش لە شێوازی موڵکدارێتی سەرمایەداریدا، بواری فراوانی بۆ تاک ڕەخساندووە؛ چۆنی بوێت، ئەسپی خۆی تاوبدا لە پێناوی دەوڵەمەند بووندا. خاوەن سەرمایەش، زۆر ئاسان، لەژێر سایەی دەوڵەت و دەستەڵاتدا، پلەو پایەو سامان وەدەستدەهێنن. خودی دەوڵەت خۆی، چەتری پلەو پایەو لەویشەوە ئیمتیازاتی بێسنوورە، ئەو پایەو ئیمتیازاتەی بە کۆمەک پارێزگاریی ئەکرێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندیە ئابوریە، پەیوەندیەکی تاک لایەنەیە. تاکە هۆکاری ئەمەش، سەروەرێتی چینێکە بەسەر کۆمەڵگادا. واتە ئابووریی، سیستمی بەرهەمهێنان، بوارێکی ئازادانەی بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵ نەڕەخسانووە وەک یەک. بەو پێیە سیستم، ڕێگا خۆشکەرە لەبەردەم گەشەی تاکدا لەسەر بنچینەی مەرجە ماتریالیستیە کۆمەلایەتیەکان، ئەو مەرجانەی بنچینەی جیاوازیین، وە هەر لەوێشەوە، دینەمۆی ململانێی چینایەتیین. واتە سیستمی موڵکدارێتی تایبەتی، هەر لە بوونیەوە، بەستراوە بە کۆمەڵێک مەرجی مێژووییەوە کە هەردەم لە گۆڕان و گەشەسەندندا بووە لەگەڵ گۆڕانی شێوە مێژووییەکەی ئەو موڵکدارێتیەدا. هەر ئەمەش وای کردووە، چینە چەوساوەکان، هەمیشە لە خەباتی شۆڕشگێریدا بن بەرامبەر بەم گەشە تاکلایەنیەی کۆمەڵ. ئەمە بەتایبەتی، لە کۆمەڵگای مۆدێرنی برجوازیدا دەردەکەوێت کە پرۆلیتاریایەکی شۆڕشگێری خستۆتە جەنگێکی بەردەوامەوە لەگەڵ پەیوەندیی بەرهەمهێنان و پەیوەندیە سیاسیەکەی، واتە دەوڵەتی برجوازی. ئەم جەنگەش دژی گەشەی یەکلایەنەی کۆمەڵگا کە هەمیشە سەرچاوەی تەنهایی تاکە کۆمەڵایەتیەکان و پەڕگیرکردنیان و هەژارخستنیان و بێکارکردنیان و مەحروم کردنیان بووە تەنانەت لە مافی ئاسایی سیستمەکەش خۆی کە نرخی هێزی کارەکەیانە لە بەرامبەر ئەو هەموو خێروبێرو قازانجەی لەو هێزە خۆیەوە وەبەردێت، کەچی ئەو تاکە ناچار دەکرێت، لە بازاڕدا ئەو پێداویستیانە بکڕێتەوە کە خۆی بەرهەمی هێناون. بۆیە دەتوانین بڵێین هەرچی گەندەڵیە، هەرچی هەژاریە، هەرچی شەڕو پێکدادانی ڕکابەریی سەرمایەداران خۆشیانە، هەڵقووڵاوی ناخی سیستمێکە کە لەسەر گەشەیەکی تاک لایەنە دامەزراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم سیستمە، نەیتوانیوە تاک بێ دەسەڵات و دوورەپەرێزو بێلایەن بکات بە جۆرێک کە بێهوودەییانە بڕواننە ژیانی خۆیان و ئەو سیستمەی پێیەوە بەستراون، یان بەرامبەر بەوانەی ئەکتەری سەر شانۆی چینی دەسەڵاتدارن و لە دەوڵەتدا کۆبوونەتەوەو بە هەموویان دەوڵەتێک بەڕێوەدەبەن، ماهیەتی چینایەتیی چینێکی چەوسێنەری لەخۆگرتووە کە هەمیشە خۆپارێزانە، لە هەوڵی هێشتنەوەی دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانیاندایە بەسەر کۆمەڵدا، ئەمەش لە سنووری ئەو پەیوەندیە ڕکابەریەدا کە تەنانەت ئەوانشی خستۆتە ژێر حوکمی ماتریالیستانەی ئەو مێژووەوە کە سەرمایەداریی بەو ڕکابەریە ڕێکئەخات، بە جۆرێک کە بەلای سەرمایەوە گرنگ نیە کێ دەسەلاتدارە، کێ حوکمی سیاسی لەدەستدایە، تەنها ئەوەندە گرنگە سیستمەکەیان پارێزراو بێت، جا ئیتر با لینین یان سەدام، ستالین یان خومەینی، تاتشەر یان پادشای سعودو شازادە زۆر دەوڵەمەندەکانی ئیمارات، جڵەوی دەسەڵاتیان لە دەستدا بێت. گرنگ نیە ڕکابەریی کێ فڕێ ئەداتە دەرەوەی بازنەی ئیدارەی سەرمایە، کێ لێپرسراوەو کێ لە بەرپرسیارێتی دادەماڵرێت، گرنگ پاراستنی ئەو بەرژەوەندیەیە کە لە کۆمەڵگای مۆدێرندا بە بەرژەوەدنیی گشتی ناودەبرێت، ئیتر با خۆشیان بەدەستی خۆیان، جارێک سەدام بکەنە سەرۆک و جارێکی تر بیکەنە پیاوێکی زۆر ئاسایی و بەدەستی خۆیان هەڵیواسن، با جارێک ستالین بکەنە پێغەمبەری زەمان و جارێکی تر ڕەخنەی بگرن. ئەمەیە تەرزی ژیانی ئەم سیستمە، گرنگ بەلای سەرمایەوە، مانەوەیەتی، خۆپاراستنە لە لەناوچوون. پرۆلیتاریاش هەر لە بوونیەوە، بەرەنگاری و دژایەتی ئەو تەرزەی کردووە لە ژیان. شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایە، واتە ڕکابەریی، شێوازی بەرهەمهێنانەوەی تاکەکەسە لە سیستمی تاکگەراییدا، دابڕینی تاکە لە یەکتر، بە شێوەیەک کە تەنانەت چینی پرۆلیتاریاش دەکاتە تاکی ڕکابەر بە یەکتر. بەڵام هەمیشە مەیلێک لە مێژوودا بینراوە کە ئامانجی ئەو چینە نیشان ئەدات وەک چینێکی یەکگرتوو، ئەو چینەی دواین شێوەی خەباتی، لە پێناوی گێڕانەوەی تاکدایە بۆ ناو کۆ، ئەو چینەی دواجار، شکاندنی مەرجە ماتریالیستیەکانی نامۆیی بە یەکتر، دابڕان لە کۆمەڵ، گەشەی تاک لایەنەی کۆمەڵگا، دەکاتە مەرجی یەکگرتنەوە لە کۆدا. هەر بەو یەکگرتنەوەیەش، دەوڵەمەندو وەزیرو فەرمانبەرە گەورەکان و ئیدارە بیرۆکراسیەکەیان کە هەمیشە بە بوونیان، ڕۆح دەکەنەوە بەبەر سیستمی تاکگەرایی و گەشەی تاک لایەنەی ئەم سیستمە مۆدێرنەدا کە سەرچاوەکەی شێوازی بەرهەمهێنان و دابەشکردنە. هەموو نابەرابەریەکی ئەو سیستمەش، لە پەیوەندیەکەوە دێت کە کڕین و فرۆشتنی هێزی کاری کردۆتە مەرجی بنەڕەتیی سیستمی مۆدێرنی چەوساندنەوە، هێزی کاری کردۆتە کاڵایەک لەنێو هەموو کاڵاکانی ترداو ئاڵوگۆڕی پێوەدەکریت بەرامبەر بە بڕێک پارە، واتە وەک هەر کاڵایەکی تر نرخ و بەهای پێداوە. بۆیە لەناوچوونی ئەم سیستمە، بەستراوە بە لەناوچوونی ئەو پەیوەندیەوە لەسەر ئاستی جیهانی، ئیتر با سۆشیالیستە ناسیۆنالیستەکانش، وێستگەی جیاواز بناسێنن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، وەک ماوەی گواستنەوە لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆشیالیزمێک کە هەر کاری کرێگرتەی تیا سەروەرە، لەویشەوە گوایە بۆ کۆمۆنیزم. هەرکات کاری کرێگرتە، کرێن و فرۆشتنی هێزی کاری جەستەیی و زیهنی کۆتایی هات، ئەوکاتە ئایدیاکانی ئەو سۆشیالیزمە برجوازیە پارەپەروەرەش، هەروەک پارە خۆی، دەچنە مۆزەخانەی میژووەوە. پارە لەم کۆمەڵگایەدا، دینەمۆی ئابووریی سەرمایەیە. ئەمە ئەگەرچی ئابووریناسە برجوازیەکان وزانا سیاسیەکان، پارەو پەیوەندیەکانی ئاڵوگۆڕکردن بە پارەوە، دەخەنە دەرەوەی سیستمی سەرمایەو وەک دیاردەیەکی پێویست و سەربەخۆ لە سیستمی کەڵەکەبوونی سەرمایەو ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکان، تێیدەڕوانن، ئەمەش لەو چاوە ساویلکەیەوە کە ناتوانێت دوو جەمسەری ململانێ ببینێت لە کۆمەڵدا، بەڵکو بەرژەوەدنیی نیشتمانی و نەتەوەیی هاوبەش دەبینن ، نەک چینی جیاوازو ناکۆک. دواجار، ئەم سیستمە چەند فراوان بێت، بە تواناو بە دەسەڵات بێت، چەند ژمارەی خەڵکی زۆر بێت، سەرمایە هەرچەند پێش بکەوێت، سروشتی تاک لایەنەی سیستمەکە زیاد دەکات و هەموو بنچینەیەکی ژیانی هەرەوەزکاریی دەڕووخێنیت، ئیتر ئەمە هەر لە کۆمۆنەکانی ئەمریکاو ئوسترالیاو ڕووسیا سەدەی نۆزدەهەم و سەدەی بیستەوە، تا بەو کۆمۆنە بچووکانەی ئێشتاش دەگات کە هێشتا ڕووناکیی ئەم شارستانیەتەیان نەبینیوە، ئەو شارستانیەتەی تەنها تاکەکەس جێگای تیادەبێتەوە لە سیستمی تاکگەراییدا، بۆیە هەموو هەرەوەزکاریەکیش لە سایەی ئەم سیستمەدا، هەر لە سنووری بەرژەوەندیە تایبەتیەکاندا دەمێنێتەوە، زۆرترینی ئەو هەرەوەزکاریانەش، موڵکی دەوڵەتن وەک هەر موڵکدارێتیەکی تایبەتیی تر. تەواوی مێژووی خەباتی پرۆلیتاریاش، بە ئامانجی ئەو هەرەوەزکاریە کۆمۆنیانەیە کە دەکەوێتە ژێر چاودێریی هاوبەشی بەرهەمهێنەران خۆیانەوە لە سیستمی خۆبەڕێوەبردندا. وە ئیتر ئەوکاتەش، ئەو پەیوەندیە وون ئەبێت کە مرۆڤ لەسەر بنچینەی بەرژەوەندیی جیاوازو داهاتی جیاوازیی تاکەکەس دابەش دەکات. |