ڕۆژ بەڕۆژ شەپۆلەکانی خەباتی چینایەتیی لەسەر ئاستی ئینترناسیۆنالیستی، فروانتر دەبێت و بەسەر هەموو سنوورەکاندا دەپەڕنەوەو لە بۆلیڤیاو شیلی و ئێکوادۆرو کۆلۆمبیاوە بەسەر فەرەنساو هۆنگ کۆنگدا تا ئێران و عێراق و لوبنان درێژ دەبنەوە، کەسیش نازانێت هێرشی داهاتوو لە چ ووڵاتیکەوە سەردەرئەهێنێت. پێشینەی مێژوویی هەموویشیان هەر هەمان هەڵچوونی کۆمەلایەتیە بۆ سەرلەنوێ دابەش کردنەوەی سامانی کۆمەڵ. ئەو زەحمەتکێشانەی کە خۆیان بەرهەمهێنی هەموو ئەم سامانەن و هیچیان لێدەستناکەوێت نانەسکی نەبێت، بێکاریش دەکرێن، هەژاریش دەخرێن، لە جێگای نیشتەجێ بوونیش دەکرێن، لە بەرامبەرشدا، خاوەنکارو خاوەنانی کەرەسەکانی بەرهەمهێنان کە هیچ ناکەن، زۆرترین بەش لە داهاتی کۆمەڵگا دەبەن بۆ خۆیان.
هاوڕێێان: ئەوەی لە ئێستادا ڕوودەدات، لە ناوەڕۆکدا هەوڵێکە بۆ تێپەڕ کردنی ئەو ژیانە چەقبەستووەی سنووری ئەو شێوازە لە بەرهەمهێنان تێپەڕ ناکات کە لێوانلێوە لە قەیران و ناکۆکی، هەوڵێکە بۆ شێوازێکی نوێ لە بەڕێوەبردن لە سیستمێکی نوێدا. ئەمەیش لەوەدا دەبینرێت، بزووتنەوەکان لە تەواوی گۆی زەویدا، هەمان سروشتی هاوبەشیان هەیە لە خواست و داخوازیە چینایەتیەکاندا، هەمان پێداگرین بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێرانە، وە هەر ئەو سروشتە چینایەتیەی، هەموو بەرگێکی نەتەوەیی و ئاینی و ئایدیۆلۆژی و حیزبی و سیاسی لێداماڵیوەو نەک هەر جەماوەرێکی چەوساوەی زۆروزەبەن بوونەتە جووڵێنەری، بەڵکو تەنانەت تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش لەو جەماوەرە شۆڕشگێرەوە، لە ئامرازی بیزنزو قازانجەوە، وەرگێڕدراوە بۆ ئامرازێکی هێرشبەر بۆ سەر سەرمایەو دەسەڵاتەکەی، ئەمەیش بە دابەشکردنی پەیامی شۆڕشگێران لەو تۆڕانەوە کە بەداخستنیان، ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار، زیان بە کۆمپانیا سەرمایەداریەکان دەگەیەنن، بە شێوەیەک کە بوون و نەبوونیان بۆتە گرفتێک بۆ دەوڵەت. ئەو تۆڕە هەلێکی گەورە ئەداتە دەست شۆڕشگێران، کە هەموان پێکەوە، بە هەر زمانێک دەتوانن، ئەو پەیامە مێژووییە، بە فراوانترین شێوە بڵاوبکەنەوە، بەتایبەت لەبەر ئەوەی زەحمەتکێشان هەتا ئێستاش، خاوەنی هیچ میدیایەکی کاریگەر نین و ناتوانن سوودمەند بن لەو هەموو ڕۆژنامەو گۆڤارو ڕادیۆو کەناڵە تەلەفزیۆنیانەی کە تەنانەت هەواڵەکانیش بە جۆرێک دەگەیەنن، بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات پارێزراو بێت تیایا، وە بەردەوام ڕایدەگەیەنن دەبێت توندوتیژی جێبهێڵرێت بۆ دەسەڵات، دەبێت جەماوەری ڕاپەڕیو، دان بەخۆیاندا بگرن و توندوتیژی بەکارنەهێنن، بەرژەوەندیە گشتیەکانی نیشتمان بپارێزن، هێرش نەبەنە سەر کارگەو زەویە بەرهەمەێنەرەکان و ڕێگاکانی هاتووچۆ هەتا سامانی ووڵات نەکەوێتە مەترسیەوەو توانای دەوڵەت کەم نەبێتەوە لە پێدانی مووچەو خزمەتگوزاریەکاندا، ئەمە وەک ئەوەی گوایە ئەم جیهانە شڵەژاوەی ئەمڕۆ، دەرئەنجامی ئەو ڕێکخستنە خواروخێچە سەرمایەداریە نەبێت کە زۆرینەکەی کۆمەڵگای خستۆتە هەژاری و بێکاریەوەو لە هەموو خزمەتگوزاریە ئاساییەکانی ژیانیشی مەحروم کردوون.
هاوڕێیان: لە هەر کوێیەک هەن، هەر زمانێک دەزانن، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەنە ئامرازێک بۆ هاریکاری و پشتیوانیی سەرجەم ڕاپەڕیخوازانی ئەم جیهانە. با تۆڕە کۆمەلایەتیەکان بکەینە دامودەزگای میدیایی خۆمان بۆ بەرگری کردن لە چینەکەمان و گەشەدان بە سنووری هێرشێکی جەماوەریی ئینترناسیۆنالیستی.
٢٩ / ١١ / ٢٠١٩