بزرگترین اعتصاب رانندگان کامیون در استان قزوین
|
دوای کشانەوەیەکی کورتی شەپۆلەکانی خەباتی پرۆلێتاری، سەرلەنوێ ئەو شەپۆلانە، لەگەڵ قووڵتر بوونەوەی قەیرانە ئابووریەکاندا، بە ئاسماندا هەڵدەچنەوە. ئەو تەقینەوە فراوانەی ئێستای ئێرانیش، ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە سەر هەمان ئەو قەیرانە ئابووریە جیهانیەی؛ تەقینەوە جەماوەریەکانی ساڵەکانی ٢٠٠٦- ٢٠١١ ی بەدوای خۆیدا هێنا، ئیتر ئەمە هەر لە ئەمریکای باکووریەوە تا بە ئەوروپاو ئاسیا دەگات. مەکسیکۆ وەک ئێران و مەغرب، یۆنان وەک تونس و میسر، ئیسپانیا وەک بەنگلادیش و کوردستان، هەریەکەیان بەشێکی تەواوکەر بوون لە سەرەتای شەپۆلەکانی بزووتنەوەیەکی ئینترناسیۆنالیستی. ئەوەی ئێستایش لە ئێراندا ڕوودەدات، بەردەوامبوونی هەمان بزووتنەوەی ئینترناسیۆنالیستیە لە شەپۆلێکی بەرزتردا کە سەرلەنوێ، هەموو خۆرهەڵات؛ وە خۆرهەڵاتیش هەموو جیهان، دەخاتەوە جووڵە. ئەو قەیرانەیش، نەک هەر هەموو هێزە سەرمایەداریە گەورەکانی بەکێش کردۆتە ناوچەکەوە، بەڵکو هەموو هێزە عەسکەریە گەورەکانی ناوچەکەیشی بەکێش کردۆتە گۆڕەپانی جەنگێکی سەرمایەداریەوە. تورکیا هێرش دەباتە سەر عەفرین، ئیسرائیل هێرش دەباتە سەر هێزەکانی ئێران لە سوریادا، ئێران دوو بنکەی دەریایی لە کەنارەکانی دورگەی عوماندا دادەنێت بۆ چاودێریی ناوچەکەو یارمەتی حوسیەکانی یەمەن، سعودیە بێئەندازە هێزە عەسکەریەکانی پڕ چەک دەکات، ئێران و ئەمریکا، هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەنە جێگای ململانێی سیاسی بۆ ناشتنی ئەو هێزانەی سەر بە خۆیانن.
لە بەرامبەر ئەم عەسکەرتاریەتە فراوانەی سەرمایەداری و پلانە سیاسیەکانیاندا بۆ فراوان کردنی ڕووبەری دەسەڵاتیان؛ کە ئەمە بۆ خۆی هیچ نیە، نیشانەی گیرخواردنی سەرمایەداریی نەبێت بەدەست نەخۆشیە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانیەوەو هەوڵێکی پراکتیکی نەبێت بۆ چارەسەری بێکاری و هەژاری و گرانی و گیروگرفتی نیشتەجێ بوون لە هەموو جیهاندا، شەپۆلەکانی خەبات، تێپەڕ دەکەن بۆ ئاستی پەلامارو دەستەویەخەبوونەوەی نێوان چینە ژێردەسەتەکان و چینە دەسەڵاتدارەکان. ئەوەی چەند ڕۆژێکە لە ئێرانیشدا دەگوزەرێت، ئیتر هەر لە مانگرتنی سایەقی لۆریە بارهەڵگرەکان و گوێزەرەوەی ووزەوە کە ١٧٧ شارو شارۆچکەی ئێرانی گرتۆتەوە لە ٢٩ پاریزگادا؛ تا دەگاتە مانگرتنی کرێکارانی نەوتی کرمان و مانگرتنی کرێکارانی هێڵی ئاسنینی ئەسفەهان و داخستنی دوکان و بازاڕەکان لە ووردە بازرگانەکانی تارانەوە، دەرئەنجامی دابەزینی کرێی کارو نزمبوونەوەی هێزی کڕین و خراپتربوونی باری گوزەران و بژێوی هەژاران و بەرزبوونەوەی نرخی ووزەو نەدانی مووچەکانیانە لەم چوار مانگەی ڕابووردوودا. هەر ئا ئەم بزووتنەوە پرۆلێتاریە فراوانە، حکومەتی ئێرانی ناچار کرد بە حوکمدانی ١٥ بەڕێوەبەری بەرزو تۆمەتبارکردنی ٢١ بەڕێوەبەری تریش بەهۆی ئەو مووچە ئێجگار بەرزانەیانەوە کە ئەو بەڕێوەبەرانە وەری دەگرن، ئەمە لە بەرامبەر کەم کردنەوەی مووچەی ملیۆنان کارگەردا؛ ئیتر هەر لە کرێکارانەوە تا بە فەرمانبەران و مامۆستایان دەگات. ئا ئەم بارودۆخە ئابووریە، لەبەرامبەر گەندەڵی و دزی و چەتەیی و تاڵانچێتیی دەسەڵاتداراندا لەسەر حسابی هەژارکردنی ملیۆنان کەس، جەنگی کۆمەڵایەتی بەرەو فراوانتر بوون دەبات و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش، هێزی شۆڕشگێریی تێدا فراوانتر دەبێت و هێزی دژە شۆڕشی تێدا دەکشێتە دواوەو جەماوەری چەوساوە، لەسەر بنەمای هۆکاری تێشکانەکانی ڕابووردووی، دەکەوێتە چاوخشاندنەوە بەبزووتنەوەکەیداو هەر لەوێیشەوە؛ ئاستی دروشمەکانی بەرزتر دەکاتەوەو مێتودی خەباتیشی دەگۆڕێت، بەتایبەت خەڵکی، دژی ئەو عەسکەرتاریەتەی هەموو ناوچەکەی گرتۆتەوە، بەرەو خۆچەکدار کردن دەڕۆن، نموونەیەکی ئەو خۆچەکدار کردنە لە پارێزگای سیستان و بەلوجستاندا لە ئێران دەردەکەوێت کە دەکەوێتە سنووری پاکستان و ئەفگانستان. ئەم دیاردەیەیش هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە، ئیتر با هەر حکومەتێک بەجیا؛ بۆ خۆی بڵێت: ئەم جەماوەرە ئاژاوەگێڕەی سەر شەقامەکان، دەستی دەرەکین. نەخێر، ئەوە دەستی ئەو پرۆلێتاریا ناڕازیەیە کە دەسەڵاتداران، بەردەوام، لەسەر حسابی برسی کردنی زۆرینەیان، بەهەشتێک لە خوێن و ئێسقان و ئێسک و پروسکی ئەوان بۆ خۆیان دروست دەکەن، ئەو دەسەڵاتدارانەی هیچ مێتودێک شک نابەن بۆ چارەسەری قەیرانەکانیان، جەنگ و وێرانکاری و برسی کردن و ئاوارەکردنی ملیۆنان کەس نەبێت، ئەو جەنگەی، ئەمڕۆ نا سبەی، جەنگی شۆڕشگێرییش بەدوای خۆیدا دێنێت، ئیتر با دەسەڵات و حیزبەکانیان، بە دەستێکیان چەک ڕاوەشێنن و بە دەستەکەی تریشیان دروشمی "بە ئاشتی بە ئاشتی" بەرز بکەنەوە. وە دەبێت ئەو حیزبانە لەوە تێبگەن، سەردەمی گەشانەوەی سەرمایە، ئاشتی کۆمەڵایەتی دێنێت و سەردەمی داچوونە ئابووریەکانیش کە دەرئەنجامی نزمبوونەوەی قازانج و تێکچوونی پارسەنگی بازرگانیە، جەنگ و ئاشووبە بەدوای خۆیدا دێنێت، ئیتر با سەدان ئابووریزانی برجوازی و سەدان سیاسی و ڕۆشنبیری برجوازی، گفتی درۆی چاک بوونی ئابووری بەو هەژارانە بدەن کە ڕۆژ بەڕۆژ، ژمارەیان لە زیادبوونەو چیتر ناتوانن ببینن مناڵەکانیان ڕەشوڕووت بن و باوکەکانیشیان بەکێش بکرێن بەرەو گۆڕپانی جەنگ. بۆیە ئەوانیش لەکاتی خۆیدا، قسەی خۆیان دەبێت. |