ئایندە چۆن وەڵام بە پرسیارەکانی ئەمڕۆمان دەداتەوە دەربارەی حکومەتی کوردی؟
شیلان مستەفا
٢٨ / ٦ / ٢٠٢٢
٢٨ / ٦ / ٢٠٢٢
مێژوو وەک واقیعێکی هەمیشە گەشەسەندوو، مەعریفەی مرۆیی هەمەجۆرەی لە خۆیدا هەڵگرتوە. ڕەوتی گەشەکردنی مرۆڤایەتی لە قۆناغە جیاوازەکانیدا، سەرچاوەی ئەو دیدگا و مەعریفە مێژووییە جیاوازانەن. هەموو قۆناغێکیش قوتابخانە و ڕەوتی فەلسەفی و ئایدۆلۆژیی جیاوازی هێناوەتە بەرهەم. سۆسیالیستەکان بۆچونێکی جیاکەرەوەیان هەیە. ئەوان ئەو گەشەیە وابەستە دەکەن بە گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنانەوە کە پێشینەی مێژوویی ئابووریی کۆمەڵگا و هەموو دیدگا و مەعریفەیەکە. ئەمەیش بۆ سەرجەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دروستە. لە گەشەی ئابوریەوە جووڵەی هەموو کۆمەڵگا دەبینرێت: گەشەی کەرەسەکانی بەرهەمهێنان، گەشەی شارستانیەت، گەشەی مەعریفە، گەشەی دەسەڵاتی دەوڵەت بە یاساکانیەوە، هتد. ئەگەر ئا لەم دیدگا مێژووییەوە، لەم وابەستەگیەوە بە مێژووەوە، بڕوانینە کوردستان و سەرنجێکی حکومەتە کوردیەکان و سەرجەم سیستمە ئابووریەکانی بدەین، ئەوا ئاسانتر ئەوە دەبینین کە لە کوردستانیش هەموو شتێک هەر لەو چواچێوە مێژووییەدا دەگوزەرێت، دێت و دەچێت، گۆڕانێکی بەسەردا دێت. خۆ ئەگەر بمانەوێت بچینە سەر باسی ڕەوت و قۆناغی مێژووی کورد لە ڕابووردووەوە تا ئەم ڕۆژگارەی کە بە هەژارخستن و بێکارکردنی زۆرینەی کۆمەڵگا کۆتایی هاتووە، ئەوا دەبێت بگەڕێینەوە سەر ئەو ڕەگەزە مێژووییانەی لەگەڵ دەرکەوتنیاندا، هەژاری و بێکاری دەکەنە پێویستیی سەرهەڵدانی چینێکی دەوڵەمەندی دەسەڵاتدار کە کەڵەکەکردنی سەرمایە لە لایەک و هەژاریی کۆمەڵگا لە لایەکی ترەوە، دەکاتە دوو دیارە ئاشکراکەی کۆمەڵ. قوناغەکانی گەشەی دەستەڵات لە کوردستان، خۆدەڵەمەند کردن، تاپۆکردنی گرد و دۆ ڵ و دۆنم و شاخ، باڵەخانەی بازرگانی و مۆڵی گەورە، کردنی موڵکی گشتی بە موڵکی تایبەت و بە موڵکی کۆمپانیا و کارخانەی تایبەت، ئەو بینا بەرزانەی کە هیچمان لێ نەچنیەوە یاسای پەرلەمانیی بەتایبەتکردن نەبێت، چەمانەوە لەبەردەم حکومەتەکانی فارس و تورک و عەرەبدا، ئەمانە تێکرا حەتمیەتی مێژوویی پرۆسێسێک بوون و بوونە سەرچاوەی حەتمی پرسیارێکی مێژووییش: مێژوو هەر دوێنێ و ئەمڕۆ نییە، ئایندەیشە. ئەی ئا لەم گەشەسەندنانەدا، مێژوو لە قۆناغی ئایندەیدا ئەم پرۆسێسە بە کوێ دەگەیەنێت؟ چی دەداتەوە بە وەچەکانمان؟ ئاخۆ رۆژێک بێت وەچەکانمان بڵین: حکومەتێکی کوردی هەبوو چەند کابینەی گۆڕی، زۆر بەخەمی ژیانی هاونیشتمانیەکانیەوە بوو، دواجار بە دەستی دەرەکی و داگیرکەر لەناوچوو؟ بڵێی هەر ئەوە وەڵامی پرسیارەکەمان بێت لە مێژووی گەشەسەندنەوە بەرەو ئایندە؟